واژۆ
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شاندێكی یاوەری كۆبۆوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوێك، لە كۆبونەوەكەدا ئالینا رۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق و و ئیرڤن هیكس كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان ئامادەیبون، دوایین پێشهات و پەرەسەندنەكانی عیراق و پەرەپێدانی پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا تاوتوێ كراون.
هەروەها هاتوە كە تەوەرێكی سەرەكی كۆبونەوەكەیان تایبەت بوە بە گرنگی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدرال، هەردوولا هاوڕابون لەسەر ئەوەی پێویستە بە زوترین كات رێككەوتنی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدرال تایبەت بە نەوت جێبەجێ بكرێت و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستپێبكاتەوە بۆئەوەی چیتر هاوڵاتیانی هەرێمی و عیراق بە گشتی زیانمەند نەبن.
هەروەها سەبارەت بە دۆخی هەرێمی كوردستانیش مەسرور بارزانی دوپاتیكردۆتەوە كە پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئەمساڵ لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا بكرێت و بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ پێشكەشكردنی هەموو كارئاسانییەك دەربڕی.
هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتوە كە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكە، گفتوگۆكردن بوە لەبارەی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگەو گرنگی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی شنگال و ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچەكەو دەرچونی میلیشیا و گروپە چەكدارە نایاساییەكان و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنەكانی خۆیان.