واژۆ
تاوەكو ئێستا زیاتر لە 99%ی دەنگەكانی هەڵبژاردنی توركیا جیاكراونەتەوە و بەگوێرەی ئەو ئەنجامانەشی بڵاودەكرێنەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پێشە و 49.4%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە، بەڵام ئەگەر ئەنجامەكان بەم شێوەیە بمێننەوە ئەوا گەڕی دووەمی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت.
ئەحمەد یەنەر سەرۆكی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا رایگەیاند، لە نێوخۆی توركیا 192 هەزار و 214 سندوقی دەنگدان هەن، تاوەكو نزیكەی كاتژمێر 10ی رۆژی دووشەممە 99.4%ی دەنگەكان جیاكراونەتەوە.
رونیشیكردووەتەوە، 27 سندوق ماون كە جیابكرێنەوە و لە دەروەی توركیاش 9 هەزار و 594 سندوق هەبووە كە 8 هەزار و 65یان جیاكراونەتەوە.
سەرۆكی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا جەختی لەوەش كردووەتەوە، بەپێی ئەنجامە بەراییەكان رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدان لە پێشەوەیە و 49.4%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە و كەمال كڵچدار ئۆغڵو سەرۆكی هاوپەیمانی میللەت 44.96%ی بەدەستهێناوە.
لای خۆشیانەوە سەرۆكی شارەوانی ئیستانبوڵ و سەرۆكی شارەوانی ئەنقەرە سەركەوتنی كەمال كڵچدار ئۆغڵویان راگەیاندووە و ئەوەش ناڕەزایی پارتی داد و گەشەپێدانی لێكەوتووەتەوە و وتەبێژی ئەو پارتە پێی وایە، ئەم راگەیاندنانە بێڕێزییە بە پرۆسەی هەڵبژاردن و بنەماكانی دیموكراسی توركیا.
ئەگەر ئەنجامی هەڵبژاردن بەم شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە كە راگەیەندراوە، ئەوا توركیا بۆ یەكەمجار لە مێژووی خۆیدا ئامادەكاری بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەكان دەكات كە بڕیارە لە 28ی ئەم مانگە ئەنجام بدرێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هیچ یەكێك لە پاڵێوراوەكانی نەیانتوانیوە زیاتر لە 50%ی دەنگەكان بەدەستبهێنن، پێویستە بۆ سەركەوتن یەكێك لە پاڵێوراوەكانی 51%ی دەنگەكان بەدەستبهێنێت.