واژۆ
بەبۆنەی یادی دامەزراندنی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە پەیامێكی پیرۆزباییدا رایگەیاند، یەكێتی مامۆستایان خاوەنی مێژویەكی پڕ لە شانازییە و رۆڵی گرنگی لە خەباتی رزگاریخوازانەی گەلەكەماندا هەبووە.
قوباد تاڵەبانی لە پەیامەكەیدا باسی لەوەكردووە، یەكێتی مامۆستایان خاوەنی مێژویەكی پڕ لە شانازییە، چ وەك بەشداریكردن و رۆڵی گرنگی لە خەباتی رزگاریخوازانەی گەلەكەماندا و چ وەك ئەركی پیشەیی خۆی لە پەروەردەكردنی چەندین نەوە و داكۆكیكردن لە مافی مامۆستایاندا.
رونیشیكردووەتەوە، گومانی تێدانییە كە ئەركی یەكێتی مامۆستایان لەم قۆناغەدا قورسترە لە هەر قۆناغێكی دیكە، بەوپێیەی داهاتووی وڵاتەكەمان بەندە بە پەروەردەكردنی نەوەیەكی زانستخوازی نیشتمانپەرەوەر و بۆ ئەمەش پێویستە یەكێتی مامۆستایان رۆڵی كارا ببینێت لە پێداچوونەوە بە سیستمی پەروەردە و گەشەپێدانی زیاتری پەروەردەی كوردستان.
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم جەختی لەوەش كردووەتەوە، جارێكی دیكە پیرۆزبایی لە هەموو مامۆستایانی كوردستان دەكات و هیوای سەركەوتنی زیاتر بۆ رێكخراوەكەیان دەخوازێت.