واژۆ
کۆمپانیای گۆڵدمان ساکس دەڵێت، هیندستان پێش ئەمریکا دەکەوێت و تا ساڵی ٢٠٧٥ دەبێتە دووەم گەورەترین ئابووری جیهان.
لە ئێستادا هندستان پێنجەهەمین بەهێزترین ئابووری هەیە لەجیهاندا لەدوای ئەڵمانیا و ژاپۆن، بەڵام پسپۆڕانی ئابووری پێشبینی دەکەن کە هندستان نەک ئەڵمانیا و ژاپۆن، بەلکو پێش ئەمریکاش دەکەوێت.
هندستان بەهۆی پێشکەوتنی تەکەنلۆجیا و وەبەرهێنانیێکی زۆر و ڕێژەی هەناردە وە هەروەها ژێرخانێکی بەهێزی مرۆیی ئابووریەکەی بەخێرایی گەشە دەکات.
چین لەم ساڵانەی دواییدا هندستان وەکو ڕکابەرێکی سەخت دەبینێت وەکو تاکە بەربەست و ڕکابەر دەیبینێت. بانکی وەبەرهێنانی هیندستان ڕایگەیاندووە، ڕێڕەوی ئابووری هیندستان لە بواری تەکنەلۆژیا و داهێناندا بەشێوەیەکی بەرچاو لەگەشەیەکی خێرادایە.
بەپێی ئامارەکانی ناسکۆم، کۆمەڵەی بازرگانی کەرتی تایبەت لە هیندستان، پێشبینی دەکرێت داهاتی پیشەسازی تەکنەلۆژیای هیندستان تا کۆتایی ئەمساڵ ٢٤٥ ملیار دۆلار زیاد بکات.
ڕاپۆرتەکەی ناسکۆم ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو گەشەکردنە لە سەرانسەری تەکنەلۆجیای زانیاری، بەڕێوەبردنی پرۆسەی بازرگانی و بەرهەمی نەرمەکاڵاکانەوە دێت.
جێگای ئاماژە پێکردنە ئابووری هیندستان بەهۆی خواستی ناوخۆییەوە لەگەشەدایە، بە پێچەوانەی زۆرێک لە ئابوورییەکانی ناوچەکە کە زیاتر پشت بە هەناردەکردن دەبەستن، تا ٦٠%ی گەشەی هیندستان بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ بەکاربردن و وەبەرهێنانی ناوخۆیی، بەپێی ڕاپۆرتەکەی گۆڵدمان.
هەروەها کۆمپانیای ئێس ئەند پی گڵۆباڵ و مۆرگان ستانلی پێشبینیان کردووە کە هیندستان لە ڕێگادایە تا ساڵی ٢٠٣٠ ببێتە سێیەم گەورەترین ئابووری جیهان، بەرهەمی ناوخۆیی لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ دا لە هیندستان لە چاو ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەی ٦،١٪ گەشەی کردوە، ئەمەش لەسەروی پێشبینیەکانی ڕۆیتەرزەوە بووە کە بە ٥٪ خەمڵاندبووی.
گەشەی تەواوی ساڵی ٢٠٢٣ بە ٧،٢٪ مەزەندە دەکرێت، لەکاتێکدا لە ساڵانی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢ ئابورریەکەی بەڕیژەی ٩،٢٪ گەشەی کردووە.