
واژۆ
شاندی حكومەتی هەرێم بۆ بەردەوامیدان بە كۆبونەوەكانی لەگەڵ شاندی حكومەتی عیراق لە بەغدا ماونەتەوەو ناوەڕۆكی كۆبونەوەكانیش ئاشكرا دەكرێن.
ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەبارەی كۆبونەوەكانەوە بڵاویكردۆتەوە، شاندی هەرێم لە بەغدا لە نوسینگەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران درێژەی بە كۆبونەوەكاندا كە چەند تەوەرێكی گرنگی لە خۆگرتبو، لە تەوەری یەكەمی كۆبونەوەكاندا باس لە بابەتی دارایی و بەشە بودجەی هەرێم و میزانی مراجعەی مانگەكانی رابردو بابەتی داهاتی نانەوتی باس كران.
ئاشكراشیكردوە كە پرسی تەمویلی پێشمەرگەو پترۆ دۆلار یەكێكی تر بوە لە باس و خواسی نێو كۆبونەوەكان، شاندی هەرێم بە دوایدا سەردانی كۆمپانیای سۆمۆی كردوەو لە كۆبونەوەیەكدا باس لە ئەگەری هەناردە كردن و هەناردەنەكردنی نەوت كراوە بەو پێیەی كە لە بڕگەكانی یاسای بودجەی گشتی هاتوە، هەروەها پرسی تێچوی كۆمپانیاكانی نەوتی هەرێم تاوتوێ كراون.
ئومێد سەباح راشیگەیاندوە، هەر لە درێژەی كۆبونەوەكاندا سەردانی وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی فیدڕاڵ كراوەو تیشك خرایە سەر پرسی بودجەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاكانی تایبەت بە پشكی هەرێمی كوردستان، بڕیاریشە رۆژی پێنجشەممە لیژنەی باڵای هاوبەش لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی كۆبێتەوە.