واژۆ
زانایانی بەریتانی هۆشداری لە زۆربوونی دوكەڵ بەهۆی ئاگری دارستانەكانەوە دەدەن لە سەرتاسەری جیهاندا و جەخت لەوە دەكەنەوە، زیان بە چەندین ئەندامی جەستەی مرۆڤ دەگەیەنێت.
فرانك كیلی مامۆستای پزیشكی لە زانكۆی “ئیمپریاڵ كۆلێج” وتویەتی، ئەو غاز و پیسبوونەی بەهۆی سوتانی دارستانەكانەوە دروست دەبێت لەوانەیە سەدان كیلۆمەتر بڕوات، ئەو غازە و وردیلەكانی ناوی مەترسی زۆرە و تەنانەت لەوانەیە بگاتە مێشكی مرۆڤ و كاریگەری لە هێزی مێشكیان بكات.
ئاماژەی بەوەشداوە، بەڵگەی زۆر هەیە لەسەر ئەوەی كە پیسبوون كاریگەری لەسەر ئەركەكانی مێشك هەیە، هەروەها یەكێك لە دەردراوەكان بەهۆی سوتانی دارستانەكانەوە غازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆنە، ئەوەش پیسبونێكی زۆر مەترسیدارە بەتایبەتی كاتێك چڕیەكەی زیاد بكات، سەلمێنراوە كە كاریگەری لەسەر ئەركەكانی هەست و بیركردنەوە هەیە.
لەلایەكی ترەوە كۆڵین رید مامۆستای یاریدەدەر لە زانكۆی كۆلۆرادۆ وتویەتی، كاتێك ئەو پاشماوانە بەهۆی دوكەڵی سوتاندنەوە دەگەنە سییەكانی مرۆڤ، دەبێتە هۆی هەوكردن و ئەوەش كاریگەری لە سەرجەم بەشەكانی تری جەستە دەكات.
زانایان ئامۆژگاری ئەو كەسانە دەكەن كە لە نزیك ئاگری دارستانەكانەوە دەژین، لە ماڵەكان و شوێنە پارێزراوەكاندا بمێننەوە یاخود كەمامەی گونجاو ببەستن تاوەكو ئەو دوكەڵە زیانبەخشە هەڵنەمژن.