واژۆ
عەلی حەمە ساڵح ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، گرانكردنی بەرچاوی نرخی كارەبا زیانی گەورەی بەدانیشتووانی پرۆژەكان گەیاندووە.
ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو لە نامەیەكدا كە بۆ سەرۆكی حكومەتی ناردووە رایگەیاندووە، ئەوەی گرفتە گرانبوونی بەرچاوی نرخی كارەبایە، پێشتر نرخ بۆ 450 كیلۆ وات 18 دینار بوو ئەگەر 450 كیلۆواتی دیكە بەكاربهێنرایە دەبووە 24 دینار، ئەم بەرزبوونەوەیە هاوكارە بۆ ئەوەی خەڵك كەمتر بەكاربهێنێت.
رونیشیكردووەتەوە، ئێستا لە پرۆژەكانی نیشتەجێبوون بەرزبوونەوە نەماوە، راستەوخۆ هەر كیلۆ واتێك كراوە بە 156 دینار بۆ سلێمانی لە هەولێر بووە بە 174.7 چونكە 12% بۆ خاوەنی پرۆژەكەیە، نەمانی بەرزبوونەوە و ئەم گرانكردنە بەرچاوە هەڵەیە، ئەگەر نیەتەكە كەمكردنەوەی بەكارهێنانە پێویستە بكرێتە بەرزبوونەوە، چونكە خەڵك هەوڵ دەدات كەمترین كارەبا بە كەمترین نرخ بەكاربهێنێت.
هەربەپێی وتەكانی عەلی حەمە ساڵح، ئێستا حكومەت خۆی لە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی كارەبا هەر كیلۆ واتێك بە 50 دینار دەكڕێت و بە تێچوی گواستنەوە دەگاتە نزیكەی 100 دینار، بۆچی بدرێتە هاوڵاتی بە 156 دینار و پاشان بۆ 12% بۆ خاوەنی پرۆژەكان بێت، ئەم بیرۆكە هەڵەیەكە دەڵێت هەركەس لە پرۆژەكانی نیشتەجێبون بێ دەوڵەمەندە، هەیە بە پێشەكی دوو دەفتەر لە شوقەیە و موچەكەی بۆ قیستی شوقەیە و ئەم گرانكردنە بارگرانی گەورەی بۆ دروست دەكات، بەدڵنیاییەوە پێداچونەوە نەكرێت هاوڵاتیان بیر لە فرۆشتنی شوقەكانیان دەكەنەوە.