واژۆ
بەپێی توێژینەوەیەكی نوێ، پێش 900 هەزار ساڵ چارەنوسی مرۆڤایەتی بەهۆی گۆڕانكاری كەشوهەواوە بەرەو لەناوچوون چووە و كۆی دانیشتووانی زەوی بۆ ماوەی 117 هەزار ساڵ زیاتر نەبووە لە 1300 كەس.
زانایانی ئەكادیمیای چینی بۆ زانست لە توێژینەوەیەكدا كە لە گۆڤاری “ساینس” بڵاوكراوەتەوە ئاماژەیان بەوەداوە، پێش 900 هەزار ساڵ ژمارەی دانیشتووانی زەوی بە تەواوەتی كەمبووەتەوە، ئەوەش بەهۆی گۆڕانكاری بنەڕەتی كەشوهەوا لەو كاتەدا، لەوانەش بەستن ونزمبوونەوەی زۆری پلەكانی گەرما و وشكەساڵی سەخت و لەدەستچوونی زۆرینەی سەرچاوەكانی خواردن.
رونیشكراوەتەوە، توێژینەوەكە لەسەر شوێنەواری تۆماری بە بەردبووی ئەفریقی و ئۆراسی لە رێگەی شیكردنەوەی بۆماوەیی مرۆڤ بۆ 3 هەزار و 154 كەس ئەنجام دراوە، دەركەوتووە كە مرۆڤ بە قۆناغێكی درێژ و توندی كەمبوونەوەی دانیشتواندا تێپەڕیوە و كەوتووەتە لێواری لەناوچوون، لەو ماوەیەدا ژمارەی مرۆڤ بۆ ماوەی 117 هەزار ساڵ زیاتر نزیكەی 1280 كەس بووە.
زانایان ئەوەشیان بۆ ئاشكرا بووە، لەو ماوەیەدا ژمارەیەك زۆریش جۆرێتی بۆماوەیی لەناوچوون و لەوانەیە 65%ی جۆرەكان جیاوازەكان لەناوچووبن، هەر ئەو گۆڕانكارییە ژینگەییە درێژە كە بە سەردەمی “پلێستۆسێن” یاخود بەستەڵەك ناسراوە بووەتە هۆی گۆڕانكاری لە مرۆڤدا و ئەوەی كە ئێستا پێی دەوترێت “كرۆمۆسم 2” و لە مرۆڤی نوێدا هەیە دروست بووە، هەروەها بووەتە هۆی دروستبوونی مرۆڤی عاقڵ كە نەوەیەكی هاوبەشی نەوەكانی “دێنیسۆڤان” و “نیاردەرتاڵ” و “مرۆڤی نوێ”یە.