عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی
زیاتر لە ٣٠ ساڵە موقاومەتی ئێران ئەو راستییەی کەشف کردووە کە “ژنان شایستەی سەرکردایەتی سیاسی کۆمەڵگەن”. ئەم کەشفکردنە گۆڕانکارییەکی گەورەی لە ریزەکانی موقاومەتی ئێران و بە تایبەتی هێزی سەرەکیی ئەم بزوتنەوەیە دروست کردووە کە لە جۆری خۆیدا و لە بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەتدا دەگمەن یان ناوازەیە. رێبەری ئەم موقاومەتە، بەڕیز مەسعوود رەجەوی زۆر جار وتویەتی کە: “پێوەری شیاوی و لێهاتوویی ژنان لەم ئاڕاستەیەدا لە گۆڕەپانی پراکتیکی کۆمەڵایەتی و لە بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەتدایە”. هەرچەند چاوخشاندنێک بە سەر لیستی شەهیدانی موقاومەتی ئێران و ریزەکانی ئێستای و پێکهاتە کردارییەکەی، بەتایبەتی لە بەرپاکردن و بەرەوپێشبردنی راپەڕینە جەماوەرییەکان لەدژی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی لە ناوخۆی ئێراندا، ئەم راستییە بە باشی دەردەخات و بەڵگەنامەیەکی روونە لەم پێوەندییەدا، بەڵام پێویستە لەسەر ئەم بابەتە رامان هەبێت بۆ ئەوەی بزانین چ رێگایەک گیراوەتەبەر و چ ئاستەنگ گەلێک هەبووە بە ئێستایشەوە و لەمەودا دەبێ چ بکرێت!
گومان هەڵناگرێت رژێمی ئێران دوژمن بە ژنانە و کۆمەڵگای ئێرانیش پیاوسالارییە. چونکە ئەم وڵاتە هەمیشە لەژێر دەسەڵاتی سیستەمێکی دیکتاتۆری و پیاوسالاریدا بووە. لە روانگەی فۆرمالیستی و تەنانەت فێمینیستیشدا، ژنان بە لاوازی سەیر کراون و خراونەتە ناو بازنەی جۆرێک کۆیلەتیەوە. لەم هەڵوێستە کۆن و دواکەوتووانانەدا، پێش ئەوەی سەیری “ئازادی” و “رزگاری” ژنان بکرێت، رەزامەندیی بەرجەستە کراوە لە گەیشتن بە تەنها بەشێک لە مافەکانی ژناندا!
لە راپەڕینی ئەمدواییەی خەڵکی ئێران لە دژی دەسەڵاتی ئایینیدا، ژنان رۆڵێکی ناوازە و بێ جێگرەوەیان هەبووە. بەڵام ئەم تێڕوانینە کۆن و دواکەوتووانەی سەرەوە، دەستبەجێ خاوەنەکەی راکێشی ئەم گۆڕەپانە دەکات کە دۆژمن بۆی دیاری کردووە. هەر بۆیە پرسەکە بە هەبوون یان نەبوونی لەچکە یان رووسەری (حیجاب یان بێ حیجاب) کاڵ و نزم دەکرێتەوە و لەسەر ئەو رێچکەیە هەنگاو دەنرێت کە دیکتاتۆرییەت لەسەری وەستاوە و قاقای پێکەنینیەتی! لە کاتێکدا پرسی راپەڕین یان رووخاندنی دیکتاتۆرییەت، نەک لەسەر بنەمای حیجاب یان بێ حیجاب، بەڵکو لەسەر رزگارکردنی ئێران بووە لە سیستەمێکی دیکتاتۆری. هەربۆیە لایەنانی پێشەنگی خەڵکی ئێران لە راپەڕینەکەیاندا و لە سەر شەقامەکانی ئیراندا ئەم دروشمەیان بەرز کردبووەوە کە “چ بێ حیجاب چ بە حیجاب، بەرەو شۆڕش هەنگاو دەنێین بۆ پێشەوە”.
لە ژێر رۆشنایی هەڵوێستێکی ئاوا دروستدایە کە ژنان لە کۆمەڵگادا، نەک فاکتەری دابەشبوون نین، بەڵکو فاکتەری یەکگرتوویی و پێشکەوتنن بەرە ئازادکردنی گەل و نیشتمان. چونکە ژنان نە تەنها نیوەی کۆمەڵگا نین، بەڵکو رەمزی تەواوی کۆمەڵگان و بڕیاریان داوە ئازادیبەخشی کۆمەڵگا بن. کەواتە ئەوان شایەنی جێگە و پێگەیەکی شایستەن نەک هەر تەنها نیوەی کۆمەڵگا!
هەڵبەت دیاردەیەکی لەو شێوەیە، پێویستی بە گۆڕانکاری ریشەیی هەیە لە روانگە و ئاکار و هەڵوێستی پیاوان لە کۆمەڵگادا. واتا ئەوانەی بڕیاریان داوە کۆمەڵگا بەرەو ئازادی و ئایندەیەکی جیاواز بەرن و خۆیان لە دیکتاتۆرییەت و پیاوسالاری بەدوور بگرن، کە خۆشبەختانە لە کۆمەڵگای ئێراندا ئەم وزە و توانستە بوونی هەیە و پێویستە بەهێزتر بکرێت.
ئێستا بۆ بەرەوپێشەوەچوون و رێبەرایەتیکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی دژ بە دیکتاتۆرییەت(ئۆرگانی رێبەرایەتیکردنی بە کۆمەڵ)ی راپەڕینی خەڵکی ئێران، خاوەنی توانست و روانینێکی لەمجۆرەیە لە بواری ژناندا. چونکە ساڵانێک لەمەوبەر، ئەوەی بە ئەزموون کردووە و لە پێکهاتە و بەرنامە و چالاکییەکانیدا ئەم گۆڕانکارییەی کردووە و بە سەرکەوتوویش ئاستەنگەکانی تێپەڕاندووە و توانیویەتی خەڵک لە هەڕەشەی ئەمجۆرە بیرکردنەوە و تێڕوانینە بپارێزیت کە رژێم و سیستەمە دیکتاتۆرەکان هۆکاری سەرەکی بوون تیایدا.
لە ژێر رۆشنایی ئەمجۆرە سەرمایە و گەنجینەیەدایە کە بەرەی گەل پتەوتر و، یەکگرتوویی چین و توێژە جیاواز و نەتەوەیی و مەزهەبی و مرۆییەکان بەهێزتر و ئاراستەی بزووتنەوەی گەل روونتر و، “پیلانگێڕییەکانی کۆنەپەرستانە و کۆلۆنیالیستی” پووچەل کراونەتەوە و لە پێناویدا. پلاتفۆرمی جۆراوجۆر و بەرنامەکان بۆ “دواڕۆژی ئێرانی ئازاد” دیاری کراون. لەو بەستێن و رێڕەوەدایە کە هەموو ژنان و پیاوانی خەباتکار و تێکۆشەر (بە کردەوە) فێری ئەوە بوون کە بیر لە “نیشتمان” و “گەل” بکەنەوە نەک “خۆیان” و “دایک و بنەماڵە و خێزان”، کە لە شۆڕشەکانی گەلانی جیهاندا باس کراوە!
ماوەیەک لەمەوبەر لە یەکەمین ساڵیادی راپەڕینی ئەمدواییەی خەڵکی ئێراندا، هەزار کەسایەتی ژن لە هەموو جیهانەوە پشتیوانیان لە موقاومەتی ژنانی ئێران و رۆڵی پێشەنگیان لە راپەڕیندا کرد، هاوکات پشتیوانییان لە پلاتفۆرمی ١٠ خاڵیی خانمی مریەم رەجەوی کرد و رایانگەیاند: “لە ١٦ی سێپتامبەری ٢٠٢٢ راپەڕینێکی گەورە لە ئێران دەست پێکرد کە ژنان و کچان پێشەنگی بوون. خواستی خەڵکی ئێران، بە ژن و پیاوەوە، کۆتایی هێنانە بە دیکتاتۆرییەتی ئایینی و دامەزراندنی کۆمارێکی دێموکراتیک لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی ئایین و دەوڵەت و، یەکسانی ژنان و پیاوان لە هەموو بوارەکاندا”. ئەم بەیاننامەیە بە واژۆی ٥٠ وەزیر و سەرۆک وەزیران و جێگر و سەرۆک کۆماری پێشوو و ١٧٥ پەرلەمانتار و براوەی خەڵاتی نۆبێل و هونەرمەندان و وەرزشوانان و بەرپرسانی کۆڕ و کۆمەڵە و دامەزراوەکان لە ٥ کیشوەر و ٦٧ وڵاتەوە واژۆ کراوە. هەروەها لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: “ئازایەتی و رۆڵی پێشەنگی ژنان لەم خەباتەدا دیاردەیەکی ئەمدواییە نەبووە، بەڵکو رەگ و ریشەی بەهێزی لە موقاومەتی سەد ساڵەی ژنانی ئێراندا هەیە بەرامبەر بە هەردوو دیکتاتۆرییەتی شا و دیکتاتۆرییەتی ئاخوندی. دوژمنایەتیکردنی ژنان، سیمایەکی دیار و بەرچاوی سیستەمی ویلایەتی فەقیهیە و یەکێکە لە بناغەکانی دەسەڵاتی ئاخوندی. خەڵکی ئێران و لاوان و بە تایبەتی ژنانی ئێران سوورن لەسەر کۆتاییهێنان بەم دیکتاتۆرییەتە سەدەی ناوەڕاستیە”. لە بەشی کۆتایی بەیاننامەکەدا، واژۆکاران جەخت لەوە دەکەنەوە کە: “ئێمە واژۆکارانی ئەم بەیاننامەیە، هاوسۆزی خۆمان لەگەڵ 3600 پەرلەمانتاری وڵاتانی جیهان و هەروەها 123 سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی پێشوو دەدەبڕین کە پشتیوانی دەکەن لە خانمی مریەم رەجەوی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران، و پلاتفۆڕمەکەی بەڕێزیان کە لە 10 خاڵ پێکهاتووە بۆ ئازادی، یەکسانی و کۆمارێکی دێموکراتیک، یەکسانبوون لە نێوان ژنان و پیاوان لە هەموو بوارەکاندا و بە تایبەتی مافی هەڵبژاردنی ئازادی جلوبەرگ و پۆشش”.
دوا وشە
موقاومەتی ئێران بە تێڕوانینێکی واقیعبینانە بەرامبەر کۆمەڵگا و خوێندنەوەیەکی قووڵ لەسەر دیکتاتۆرییەت لە ئێران، لە سەر پێشخستنی راپەڕینی خەڵکی ئێران کۆکن لە دژی ئەو حکومەتانەی دوژمن بە ژنانن و سەدان ساڵە ئێران و خەڵکی ئێرانیان لە ئازادی بێبەش کردووە و سەدان هەزار کەس لە خەڵکی ئێرانیان لە ناو بردووە. ئەم موقاومەتە لەم رێڕەو و بەستێنەدا، گرێ کوێرەکانی ئەم ساڵانەیەن کردۆتەوە و کلیلی کردنەوەی دەروازە داخراوەکانی سەردەمیان بەدەستەوەیە. هەر بۆیە پێویستە هێزە سیاسییەکانی ئێران بە هەنگاوێکی مێژوویی، خۆیان لەگەڵ ئەم هێزە رێک بخەن و هاوئاهەنگ بن!
