
واژۆ
رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئاشكرای كرد، كۆتایی ئەم مانگە بەغدا بڕی 700 ملیار دیناری دیكە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێردرێت.
رێباز حەملان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەكردووە، پێشتر داوایانكرد بەغداد بۆ 6 مانگی كۆتایی ئەمساڵ مانگانە 800 ملیار دینار بۆ موچە بنێرێت، بەڵام بڕیار لەسەر 700 ملیار دینار بۆ ماوەی سێ مانگ درا.
رونیشیكردووەتەوە، بڕیارە كۆتایی ئەم مانگە 700 ملیار دیناری دیكە بۆ موچە لەلایەن بەغدادەوە رەوانە بكرێت، سەرۆك وەزیرانی عیراق بەڵێنیداوە پرسی ناردنی 3 موچەی دیكە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران باس بكات و بڕیاری كۆتایی لەبارەوە بدرێت.
لە چەند رۆژی رابردوودا موچەی مانگی 8ی فەرمانبەرانی هەرێم دابەش كرا و تاوەكو ئێستا موچەی مانگەكانی 9 و 10یان وەرنەگرتووە، بەهۆی ئەوەشەوە بایكۆتی خوێندن و دەوام لەلایەن زۆرینەی مامۆستایان و فەرمانبەرانەوە بەردەوامە.