گۆڕانی كەشوهەوا كاریگەریی كردۆتە سەر كەمبونەوەی ئاو لەعیراق لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی نەبونی پلان و ناسەقامگیری سیاسیی و ئەو شەڕانەی روبەڕوی بۆتەوە هۆكارن بۆ پیسبونی روبارەكانی دیجلەو فورات.
لە لێدوانێكدا خالید شەماڵ وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عیراق رایگەیاندوە، جێی سەرسوڕمانە بەشێكی دامەزراوەكانی حكومەت و كەرتی تایبەت هۆكاری پیسكردنی روبارەكانی عیراقن، بەڕێوەبەرایەتییەكان بەشێكی زۆری ئاوەڕۆكانیان دەڕژێننە ناو روباری دیجلەو فوراتەوە بەبێ ئەوەی هیچ چارەسەرێكی بۆ بدۆزنەوە، هەندێك لە نەخۆشخانەكان كە نزیكن لە روبارەكانەوە پاشەڕۆكانیان دەخەنە ناو روبارەكانەوەو ئاوەڕۆكانیشیان دەڕژێتە ناویەوە ئەمەش كارەساتێكی مەترسیداری بۆ عیراقییەكان لێ چاوەڕوان دەكرێت.
وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عیراق باسی لەوەشكردوە، دامەزراوە پیشەسازییەكانیش هۆكارێكن بۆ پیسبونی ئاو بەتایبەت ئەو كارگانەی پترۆكیمیاوین لەگەڵ وێستگەكانی بەهەمهێنانی وزەی كارەباو ئەوانەی لە بواری كشتوكاڵیدا كاردەكەن، هەمو ئەوانەو ئەو ژەهرانەی پەیوەندیان بە پەیینە كیمیاوییەكانەوە هەیە دەخەنە ناو روبارەكانەوە.
لەبارەی چارەسەریشەوە خالید شەماڵ وتویەتی: بۆ روبەڕوبونەوەو لەناوبردنی ئەو مەترسیانە حكومەتی ناوەندی رێنمایی دەركردوە كە هیچ مۆڵتێك نەدرێتە پرۆژەكان تاوەكو چارەسەری كێشەی ئاو و ئاوەڕۆكانی نەكات.