سەركردەكانی هەرێمی كوردستان لە یادی 33 ساڵەی راپەریندا بەبڵاوكردنەوەی پەیامێك قسە لەسەر یادی راپەرین دەكەن.
مەسعود بارزانی لە پەیامێكدا بەبۆنەی یادی راپەڕین پیرۆزبایی لە خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگە و سەرجەم خەڵكی كوردستان دەكات و رایدەگەیەنێت پێویستە دەستكەوت و ئامانج و بەهاكانی راپەڕین بە بەرزی بمێننەوە و بپارێزرێن و بەهێزتر بكرێن. نابێ لە هیچ دۆخ و لەژێر هیچ گوشارێكدا لەیاد بكرێن و بشێوێندرێن
بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان 33هەمین ساڵیادی راپەڕینە مەزنەكەی گەلی كوردستان پیرۆزدەكات و رایدەگەیەنێت، بەشانازییەوە یادی راپەڕین دەكەینەوەو وەك بەڵێنمان داوەو دوپاتیشی دەكەینەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەو هێزە نییە و نابێت كە پشت لە خەڵكەكەی بكات، هەنگاوی كاریگەرمان لەپێناو ژیان و گوزەرانی خەڵكەكەمان ناوە و ئەنجامەكەشی لای هەموولایەك روونە.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە یادی راپەڕین دا دەڵێت: گەلی كوردستان بە یەكڕیزی دەتوانێت بەرامبەر هەڕەشەكانی سەر قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان بوەستێتەوە.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان: پێویستە قەوارەی فیدراڵی هەرێمی كوردستان و بەها بەرزەكانی راپەڕین و بنەماكانی بەیەكەوەژیانی ئاشتییانە و ئاشتیخوازی و مرۆڤ دۆستیی گەلی كوردستان، هەمیشە بپارێزین و گەشەیان پێ بدەین، بە دڵنیاییشەوە سەروەریی هەموومان بەندە بەبوونی كوردستانەوە.