رێكخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، دۆخی نەخۆشخانەكانی باكووی غەززە خراپە و منداڵان بەهۆی نەمانی خۆراك، سوتەمەنی و پێداویستیی پزیشكییەوە، لەنێو نەخۆشخانەكانی باكوری كەرتەكە گیان لەدەست دەدەن.
تێدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی راگەیاند، لە كاتی سەردانی دەزگاكانی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ نەخۆشخانەكانی باكوری غەزە، دەركەوتووە كە دۆخی نەخۆشخانەكان لەوپەڕی خراپیدایە.
بەڕێوەبەری رێكخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژەی بەوە كرد، دۆخی نەخۆشخانەكان زۆر جێگەی نیگەرانییە و بەشێك لە باڵەخانەكانی نەخۆشخانەكان وێران بوون.
نەخۆشخانەی كەمال عەدوان، كە تاكە نەخۆشخانەی منداڵانە لە باكووری غەزە بەگوێرەی تەندروستیی جیهانی، پر بوە لە نەخۆش و توانای وەرگرتنی نەخۆشی دیكەی نییە.
نەتەوە یەكگرتوەكان دەڵێت، 10 منداڵ لە باكوری غەزە بەهۆی بەدخۆراكییەوە گیانیان لەدەستداوە و تەندورستیی غەزەش دەڵێت، لە تەواوی كەرتەكە 16 منداڵ بەهۆی بەدخۆراكییەوە مردون.