عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی
کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەری (رەئیسی) و نزیکبوونەوەی راپەڕینێکیتری جەماوەری!
ڕژێمی ئێستای ئێران، دەرئەنجامی 45 ساڵ دەسەڵاتی ترسناکی ویلایەتی فەقیهیە بەسەر ئەم وڵاتەدا و پێشینەی ئەو دەسەڵاتە زۆر “ڕەش” و “تاوانکارانە” بووە سەبارەت بە خەڵکی ئێران و خەڵکی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. هەربۆیە لەناوچوونی ئیبراهیم رەئیسی (بووکەشووشەکەی خامنەیی) و ژمارەیەک لە کەسە نزیکەکانی، بۆ خەڵکی ئێران زۆر دڵخۆشکەر و شادیهێنەر بووە و دوا بە دوای ئەم رووداوە، لە سەراسەری ئێران شایی و هەڵپەڕکێ بووە و بزەی خۆشی رووی لە خەڵک کردووە.
گەر لەوە گەڕێین کە هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە چی بووە، خەڵکی نەک تەنیا ئێران، بەڵکو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشێکی زۆری کۆمەڵگای جیهانیش بەو رووداوە دڵخۆش و شادن. چونکە ئەو ژمارەیە و لە سەرووی هەموواندا، ئیبراهیم رەئیسی، بکۆژێکی ترسناک و خوێنڕێژی بەڵگەدار بووە و بەرهەمی راستەوخۆی عەلی خامنەیی بووە. ناوبراو ئەندامی دەستەی مەرگ بووە لە کۆمەڵکوژکردنی زیاتر لە (30) هەزار زیندانیی سیاسی موجاهید و خەباتکار لە ساڵی 1988. کە ئەم تاوانەش بەڵگەی لەسەرە و جێی باوەڕە.
جگە لەوەش، رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە کوشتنی خەڵکی ئێران و بەتایبەت راپەڕینکاران لە ساڵانی 2019 و 2022 و تیرۆریزمی بێسنووری دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی لە دەرەوەی سنوورەکاندا و تیگرتنی مووشەک لە دژی ئۆپۆزیسیۆنی رژیم لە ناوچەکەدا و هەروەها شەڕخوازی و شەرفرۆشی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. کەوایە جێی خۆیەتی کە ئەم هەواڵە ببێتە مایەی دڵخۆشبوون و شادبوونی دڵی کەس و کاری شەهیدان و ئەوانەی باوەڕیان بە ئازادی هەیە و رێبوارانی راستەقینەی رزگارین و هەروەها قوربانیانی ئەم رژێمە و بەتایبەت لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
هۆکاری کەوتنەخوارەوەکە هەرچییەک بووبێت، چ هونەری و تەکنیکی و تاکتیکی یان هەر هۆکارێکیتر!، نەک هەر هیچ شتێک لە رەهەندە دڵخۆشکەرییەکەی کەم ناکاتەوە، بەڵکو زیاتری دەکات. هەر لە ئێستاوە، حوکمەکەیان لە (دادگای گەل)دا روون و یەکلاکەرەوە بووە. رێبەری موقاومەتی ئێران، بەڕێز مەسعوود رەجەوی، لە پەیامێکدا سەبارەت بەو “کارەساتە پڕ بەرەکەتە” و لە ژێر ناوی “هاوسەنگی و لاپەڕەیەکی نوێ لە دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهیدا” رایگەیاند کە ئاواتەکانی خامنەیی لەمەڕ (ئیبراهیم رەئیسی) بوونە خۆڵەمێش و بە با چوون و کاریگەرییەکانی ئەم گورزەی وەسەر سەری خامنەیی داماو و هێزە دۆڕاوەکانی کەوت، کوشندەیە. ئەم رووداوە بناغەکانی سیستەم دەهەژێنێت و قۆناغی کۆتایی شا وەبیر دێنێتەوە. لە گەرماوگەرمی شەڕی غەززەدا، خامنەیی دەبێت ئەو پلانەی کە بە هێنانە سەرکاری رەئیسی (جەللادی67) وەک سەرکۆمار، دایڕشتبوو، سەر لە نوێ دایڕێژێتەوە و کەسانیتر لە جێیان دابنێت و هاوسەنگی بکات. دەسەڵات ئێستا لە ناوەوە درزی تێکەوتووە. بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین خامنەیی دۆڕاوی ستراتیژییە”. بەڕێز رەجەوی هەروەها وتی: “ئەم پرۆسەیە شەڕە گورگ لە لوتکەی رژێم توندتر دەکات و دەرفەتی زیاتر بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین و راپەڕینی جەماوەری لە سەر شەقام و کۆمەڵگا دەڕەخسێنێت”.
ئێستا عەلی خامنەیی بەم گورزە گرنگ و کوشندەیە زیاتر لە جاران هەست بە “شۆکی رووخاندنی رژێم”ەکەی دەکات. هیچ بژاردەیەکی نییە جگە لەوەی تا دەتوانێت رژێمەکەی گرژ و بچووک و سەرکوتکردنی کۆمەڵگا زیاتر بکاتەوە. بەڵام لە هەموو کەس زیاتر، خۆی دەزانێت کە ئەم رێگایەی بەسەردا داخراوە و جگە لە رووخاندنی رژێمەکەی هیچ چارەنووسێکی نییە. ئەوەیش خۆی لە رووکردنە چەکی ئەتۆمی و شەڕخوازی زیاتر لە ناوچەکەدا دەردەخات کە بە مانای “سەری رەشەماری ویلایەتی فەقیهی” دێت کە دەبێت پان بکرێتەوە و خەڵک و موقاومەتی ئێران و بە تایبەت ناوەندەکانی شۆڕشی سەر بە موقاومەتی ئێران لەسەری چالاکن.
هەروەک زۆر جار وتراوە، خەڵکی ئێران رژیمی دەسەڵاتی مەزهەبی قبوڵ ناکەن و نایانەوێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە روویان کردووەتە راپەڕینێکی سەراسەری و جەماوەری و تا ئێستا زیاتر لە سەد هەزار شەهیدیان بۆ داوە. ناوەندەکانی ئەم دەسەڵاتە لە هەموو شوێنێک و لەژێر هەر پەردەیەکدا بێت، دەبێ لە ناو بچن و بکرێنە ئامانج. لە بەرامبەر سوپای پاسداران و ئیتلاعات و بەکرێگیراوانی ئەم رژێمەدا، خۆڕاگری و ئاگری رۆڵە بە جەرگەکانی ئێران، مافێکی رەوای نەتەوایەتی و نیشتمانپەروەرانەیە. حاشاکردن لەم مافە گەردوونییە، کە لە “جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ”دا دیاری کراوە، دەست تێکەڵاوکردنە لەگەڵ خامنەیی!
ئەرکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە لە تەنیشت گەلی ئێراندا بوەستێت و پشتیوانی لە داواکاری خەڵکی ئێران بکات کە لە پلاتفۆرمی خاتوو (مریەم رەجەوی)دا هاتووە. ئەوەیش لە بە رەسمی ناسینی مافی خەڵکی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهیەوە دەست پێدەکات!
ئەمکارە پێویستی بە تۆڕدانی ئەم رژێمەیە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەرکردنی!