پارێزگاری بەوەکالەتی پێشووی کەرکووک و سەرۆکی ھاوپەیمانی عەرەبی، ڕاکان سەعید جبوری ڕایگەیاند: “دانیشتنەکەی شەوی ڕابردووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە لە بەغدا بەڕێوچوو، ناپاکی بوو لە پێکھاتەی عەرەب”.
سەرۆکی ھاوپەیمانی عەرەبی لە کەرکووک، ڕاکان سەعید جبوری نیگەرانی خۆی نیشاندا سەبارەت بە دانیشتنەکەی شەوی ڕابردووی ئەنجوومەنی پارێزگاکە کە لە بەغدا بەڕێوچوو بە نایاسایی لە قەڵەمدا و ڕایگەیاند: “ئەوەی شەوی ڕابردوو لە میانی دانیشتنەکەدا ئەنجامدراوە، ناپاکی بوو لە پێکھاتەی عەرەب”.
شەوی ڕابردوو، بەبێ بەشداری پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی و ئەندامانی ھاوپەیمانی عەرەبی، دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە ھوتێلی ڕەشید لە بەغدا بەڕێوەچوو کە لە میانیدا پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە ھەڵبژێردران.
ڕاکان سەعید جبوری کە بۆ چەند ساڵێک پارێزگاری کەرکووک بوو بە بەوەکالەت لەبارەی دانیشتنەکەی شەوی ڕابردووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تیایدا ڕایگەیاندووە: ” ئەو دانیشتنەی کە تیایدا شایستەی خەڵکەکەمان لەلایەن بەشێک لە نوێنەرەکانییەوە دزرا، بە ڕێگایەکی یاسایی نەکراوە و داواکاریی ئامادەکارییش پێشکێش بە سەرۆکی بەتەمەن نەکراوە، بەڵکو یەک لیست لە رۆژی پشوودا داوای دانیشتنەکەی کردووە”.
جەختی لەوەشکردووەتەوە، “ئەوەی روویدا دوورخستنەوە و بێبەشکردنی نوێنەرانی ھاوپەیمانی عەرەبی بوو، ڕێکاریی یاسایی دەگرینەبەر بۆ بەدەستھێنانی شایستەکانمان”.