• هەواڵ
  • کوردستانی
  • عێراقی
  • جیهانی
  • وەرزش
  • هەمەرەنگ
یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 16, 2025
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستانی
    • عێراقی
    • جیهانی
    • وەرزش
    • هەمەرەنگ
  • وتار
  • ڕاپۆت
  • تەندروستى
  • زانیاری تەکنەلۆجیا
  • هونەری
  • پەیوەندی
  • هەڵمەتی کۆکردنەوە واژۆ
No Result
View All Result
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستانی
    • عێراقی
    • جیهانی
    • وەرزش
    • هەمەرەنگ
  • وتار
  • ڕاپۆت
  • تەندروستى
  • زانیاری تەکنەلۆجیا
  • هونەری
  • پەیوەندی
  • هەڵمەتی کۆکردنەوە واژۆ
No Result
View All Result
wazho.net
No Result
View All Result
Home سلایدشۆ
پێشکەوتنی کۆیلایەتی

پێشکەوتنی کۆیلایەتی

by بەرێوەبەر
0
SHARES
18
VIEWS
Share on FacebookShare on Twitter

نووسینی شەماڵ محەمەد

بە ڕونی نازانرێ کەی کۆیلایەتی سەری هەڵداوە بەڵام ڕونە کە مێژویەکی قوڵی هەیە. کۆیلە بەو خەڵکە فەقیرە گوتراوە کە بە هۆکاری جیاجیای وەک(بەدیل گیران لە شەڕ، فرۆشتنی منداڵ لەلایەن باوانەوە، قەرزاری، تاوانباری … هتد) بون بە موڵکی کەسێک و خاوەنی خۆیان نەبون ، هەمو ژیان و چارەنوسیان بە دەستی خاوەنەکانیان بوە و هەمو کارێکیان کردوە ، کاری سەخت و ئابڕوبەر و تاقەت پروکێن و بێزارکەر . کۆیلە هیچ کاتێک نەیتوانیوە لە فەرمانی خاوەنەکەی دەربچێ لە ترسی سزا. بێگومان کۆیلایەتی بەپێی یاسا و عورفە کۆمەڵایەتییەکانی جاران ڕێپێدراو بوە.


ئیسلام پێش ١٤ سەدە جاڕی نەهێشتنی کۆیلایەتیی دا، تا نیو سەدە کۆیلایەتی لە نیمچەدورگەی عەرەب بە شێوەیەکی بەرچاو ڕوی لە کەمی کرد، بەڵام بەداخەوە لە نیوەی دوەمی سەدەی یەکەمی حوکمی ئیسلامی هاوکێشەکە پێچەوانە بویەوە و کۆیلایەتی سەری هەڵدایەوە.


لە دەستوری ئەمریکاش هەمواری ١٣ ، ساڵی ١٨٦٥ بە فەرمی کۆتایی بە کۆیلایەتی هێنرا.
بەڵام با سەرنجێکی ژیانی ئەمڕۆمان بدەین و بزانین ئایا کۆیلایەتی کۆتاییی هاتوە وەک زۆر لایەن بانگەشەی بۆ دەکەن!
مرۆی سەردەم پابەندە بە کۆمەڵێک تەوق کە هاوشێوەی تەوقی ئاسنینی کۆیلایەتیی سەردەمانی زون، کۆمەڵێک تەوقی جۆراوجۆر کە هەندێکیان کۆمەڵایەتی و هەندێکیان ئاینی و هەندێکیشیان نەتەوەیین . تەوقی کۆیلایەتی هەر ماوە بەڵام لەنێوان تەوقی کۆن و نوێ دو جیاوازیی زەق بەدی دەکرێن:
١- تەوقە نوێکان جۆراوجۆرن و هەریەکەیان چینێک یا کەلتورێک دەیسەپێنێ .
٢- تەوقەکان ماددی نین و مەعنەوین، واتە تاکی نوێ تەوقی لە ملە بەڵام هەستی پێ ناکات.
دیارترین جۆرەکانی تەوقی کۆیلایەتی ئەوانەی خوارەوەن:


١- تەوقی پیرۆز (مقدس): تەوقێکە بازرگانانی ئاین دەیکەنە ملی خەڵک و بەناوی پیرۆزییەکان و هەمو جوڵەیەکی جەستەیی و هزریی مرۆڤ سنوردار دەکەن، بەمەش مرۆڤ ناچارە هەمو ژیانی لەناو بازنەیەکی بچوک بخولێتەوە بێ ئەوەی شتێکی نوێ فێر بێت یا تۆزێک دونیا ببینێ ، هەربۆیە ئەو بڕوادارانەی کە داخراون چوارچێوەی بیرکردنەوەیان تەسکە و هیچ بیرۆکە و هیچ کەسێکیان قبوڵ نییە جگە لەوەی کە ئاخنراوەتە مێشکیان لەلایەن بازرگانانی ئاینەوە. بێگومان خۆی لە بنەڕەتدا ئاین مایەی خۆشحاڵی و کرانەوەیە بەڵام دیارە لەقاڵبدانی چوارچێوەی بیرکردنەوەی خەڵکی ڕیشەیەکی مێژوییی هەیە و هۆکاری سیاسی و کۆمەڵایەتیی لە پشتە نەک ئاینی.
ئەو کەسانەی تەوقی پیرۆزیان کراوەتە مل دوژمنی هەمو جوانییەکانن، دوژمنی گۆڕانکارین، کەسیان قبوڵ نییە ، ڕویان بەرەو مەرگە و پشتیان کردۆتە ژیان، ئەوان ژیانی خۆیان و دەوروبەر دەکەن بە دۆزەخ بە ئومێدی بەدەستهێنانی بەهەشتێک کە بڕیارە دوای مردن بەدەستی بهێنن، نازانن بەهەشت بۆ ئەو کەسانەیە کە ژیان بۆ خەڵکی دەکەن بە بەهەشت نەک پێچەوانەکەی.


٢- تەوقی نەتەوایەتی: ئەو جۆرەیان بازرگانانی سیاسەت دەیکەنە ملی خەڵک و بە هۆیەوە خەڵکی دابەش دەکەن بەسەر گروپ و نەتەوە و پارتی جیاجیا بە گوێرەی بەرژەوەندیی خۆیان. بازرگانانی سیاسەت خەڵکی دەکەن بە دوژمنی یەکتر، سەیریش نییە دوای ماوەیەک و دوای گۆڕانی بەرژەوەندییەکان دوژمنەکان ببن بە دۆست و هاوکێشەکە پێچەوانە بێتەوە، ئەوکات دوژمنەکان دەبن بە دۆست و تەوق لە ملەکانیش تەنها گوێڕایەڵییان لەسەر وەک هەمیشە و ناتوانن ڕەخنەبگرن.
سەرنج بدە ئەوانەی نەتەوەکان دەکەن بە دوژمنی یەکتر کێن، یا بازرگانی ئاینن یا بازرگانی سیاسەت ، لە بەرامبەریشدا ئەوانەی میللەتان لەیەک نزیک دەکەنەوە و خۆشەویستی بڵاودەکەنەوە یا بیرمەند و زانان، یا هونەرمەند و وەرزشەوانن .
٣- تەوقی کۆمەڵایەتی: ئەو جۆرەیان بازرگانە چاوچنۆکەکان دەیکەنە ملی خەڵک، کۆمپانیا زەبەلاحەکان ڕۆژانە بەدوای بیرۆکەی نوێدا دەگەڕێن تا تەوقی جوانتر و بەهێزتر بدۆزنەوە بۆ ناچارکردنی خەڵک تا بەرهەمەکانیان بکڕن، بۆیە لات سەیر نەبێ کە بیرۆکەی بازرگانیی بچوک ملیۆنان دۆلار پەیدادەکات چونکە لە ماوەیەکی کەمدا سەدان بەڵکو هەزاران هێندە پارە پەیدادەکات. سەرنجێکی ماڵەکەی خۆت بدە، چەند لە کەلوپەلەکانت پێویستن و چەندیشیان زیادەن؟ چەندیان پێداویستی و چەندیان کەمالیاتن؟ مرۆی سەردەم هێندە ئالودەی کڕین و ڕۆیشتن لەسەر مۆدێل کراوە هەمو ژیانی خەریکی ڕاکردنە و بە هیچ ناگات و هەمیشە قەرزاریشە، زۆرێک لە ئێمە کۆیلەی کەلتورە کۆمەڵایەتییەکانین و ناوی تری لێ دەنێین، لە ترسی قسەی خەڵک زۆر شت دەکڕین کە پێویستمان نییە بە پارەیەک کە نیمانە بۆ ئەوەی سەرنجی کەسانێک ڕابکێشێن کە خۆشمان ناوێن ! ئەی ئەگەر ئەوە کۆیلایەتی نەبێ کۆیلایەتی چۆنە؟
٤- تەوقی ئارەزوەکان: ئەو جۆرەیان ئاڵۆز و فرەڕەهەندە. ئاشکرایە مرۆڤ پێویستیی بە خواردن و خواردنەوە هەیە بۆ ئەوەی بژی،لێرەدا پاڵنەرەکە سروشتییە و پێی دەوترێ پاگەز (غریزة)، پاگەز ، ئارەزوێکی نائاگایانەیە(رغبة غیر واعیة)، واتە ئاژەڵ بۆ نمونە دەخوات تا نەمرێ، جوت دەبێ تا لەناونەچێ و بەدوای خۆشیدا ناگەڕێ، بەڵگەشمان ئەوەیە کە ئاژەڵ تەنها لە وەرزی جوتبوندا جوت دەبن ، مرۆڤە سەرەتاییەکانیش بە پاڵنەری پاگەز ماونەتەوە، ئەوانیش تەنها لە پێناوی مانەوە بەردەوام بون لە خواردن و خواردنەوە و جوتبون. بەڵام کاتێک مرۆڤ هۆشیاریی پەیداکرد پاڵنەرێکی تری بۆ پەیدابو کە پێی دەوترێ شەهوەت(شهوة) کە ئارەزوێکی بەهێز و ئاگایانەیە، بۆ نمونە مرۆڤ دەخوات تا نەمرێ بەڵام ڕازاندنەوەی خواردن و ئارەزوکردنی هەندێک خواردن و نەخواردنی هەندێکی تر پاگەز نییە بەڵکو ‌‌شەهوەتە، مرۆڤە سەرەتاییەکان گۆشتیان بە خاوی دەخوارد بە پاڵنەری پاگەز بەڵام کاتێک هۆشیارییان پەیداکرد گۆشتیان برژاند و ئەمڕۆش سەدان جۆری برژاندن و کۆڵاندنی گۆشت هەن بەگوێرەی حەزی تاکەکان. شەهوەتەکان مرۆڤ ئالودە دەکەن نەک پاگەزەکان، هەرشتێکیش توشی ئالودەییت بکات دەکرێ بێتە تەوقێک لە ملت، ئەوەتا ئەمڕۆ کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهان هەزاران جۆری خواردن و خواردنەوەیان داهێناوە و بەردەوامیشن لە بەرهەمهێنانی بەرهەمی بێکەڵک و زیانبەخش، هەموشمان دەزانین زیانبەخشن کەچی دەسبەرداریشیان نابین، ڕەنگە شەکر و چەوری و گۆشتی سور و ژەمە خێراکان و هەمو جۆرەکانی خواردنەوە باشترین نمونە بن .


دەکرێ بڵێین مرۆڤە سەرەتاییەکان سادە و ناهۆشیار بون بەڵام کەمترین تەوقیان لەملدا بوە، ئەوان سادە و ئازا و ئازاد دەژیان و ئێمەش دوای ئەو هەمو پێشکەوتنە لە زانست و تەکنۆلۆجیا هێشتا کۆیلەی کۆمەڵێک تەوقین، لەوەش خراپتر، تا زیاتر پێشبکەوین تەوقەکانی ملمان زیاتر دەبن.


٥- تەوقی ئیش و کار: تا سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی و پەیدابونی کەرگەکان و سەرهەڵدانی (بەرهەمهێنانی زۆر- Mass production)خەڵکی تا ڕادەیەکی زۆر ئازادبون، بەڵێ ژیان سەخت بو بەڵام خەڵکی گوزەرانیان باش بو ، خەڵکی بە کشتوکاڵ و پیشەگەریی سادە و ئاژەڵداری و کڕین و فرۆشتنێکی سادە دەیتوانی ژیانێکی سادە بۆ خۆی و خانەوادەکەی دابین بکات. بەڵام کاتێک کارگەکان دامەزران و دامەزراوەی میری و حکومەتەکان دامەزران کۆمەڵێک کۆت و بەند پەیدابون و خەڵکی وردەوردە تەوقی خەونی ژیانێکی خۆش کرایە ملیان بە کارکردنیان لە کارگە و دامودەزگا فەرمییەکان. کاتێک مرۆڤ دەسبەرداری سەرچاوەی بژێوی خۆی بو و پشتی بەست بە لایەنێکی تر کە سەری مانگ موچەکەی پێبدات ئەوا بەبێ هیچ گومانێک دەبێتە کۆیلە، تۆ ئازادی هەر ناوێکی لێ دەنێی بەڵام ئەوە خراپترین جۆری کۆیلایەتییە.
مرۆڤ کاتێک بو بە کارمەند پێش هەمو شتێک توانای داهێنانی نامێنێ چونکە سەری مانگ موچەکەی دیاریکراوە ئیتر بۆچی خۆی ماندو بکات! کاتێک تۆ کارمەندیت و هەمو جوڵانەوەیەکت دەبێ بە ئاگاداریی خاوەن کارەکەت بێت ئەی کۆیلایەتی چۆنە؟ تەوقێکت کراوەتە مل بە ئومێدی ئەوە سەری مانگ موچەیەکی باش وەربگری کەچی هێندە ژیانیان لێت سەخت کردوی و بە دەیان ڕێگە پارەت لێ دەستێنن بەجۆرێک ناگەیتەوە مانگی داهاتو و هیچ پارەت نەماوە و هەمیشە قەرزاریشی !
موچەخۆر هەمو ژیانی گەنجی و پڕبەرهەمی و پڕچالاکیی خۆی دەبەخشێتە دەزگایەک یا کارگەیەک لە پێناو دەسکەوتنی نانێک، کاتێک سەر هەڵدەبڕێ پیربوە، ئینجا تێدەگات کە هەمو ژیانی خەریکی خزمەتکردنی خەڵک بوە و کاتی نەبوە تۆزێک خزمەتی خۆی بکات و تۆزێک خۆشی ببینێ لە ژیان، جا ئەگەر بە پیری خاوەنی پارەش بێ تازە چ ئەرزشێکی هەیە؟ کەسێک کە نەتوانێ سەفەری وڵاتان بکات و خواردنی خۆش بخوات و وەرزش بکات و ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت و شاخەوانی بکات دەبێ پارە چ سودێکی پێ بگەیەنێ ؟!


٦- تەوقی مۆدێلەکان : ئەمڕۆ جیهان توشی پەتایەکی زۆر ترسناک بوە، تەکنۆلۆجیا چەندە ژیانی ئاسان کردوە هێندە و زیاتریش ئاڵۆز و ناخۆشی کردوە، ئەگەر سەرنجێکی میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بدەین دەبینین کۆمەڵێک خەڵک بونەتە مۆدێل و دەمڕاستی خەڵکی کە داشۆراون لە هەمو بەها جوانەکان، تاکە پێوەر لە جیهانی ئەمڕۆماندا پارەدارییە. هەر کەسێک پارەی هەبێت و بتوانێ زۆرترین خەڵک لە خۆی کۆبکاتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەوا دەبێتە پێشەوای خەڵک و هەرچیی ئەو بیکات دەبێتە مۆدە و خەڵکی لاساییی دەکەنەوە. زۆر بە دڵنیاییەوە دەتوانین سەردەمی ئێستامان ناو بنێین سەردەمی گەمژەیی، چونکە جیهان و میدیا و سیاسەت و هەمو بوارەکان لەلایەن گەمژەکانەوە بەڕێوە دەبرین و ئاڕاستە دەکرێن، بێگومان تا خەڵکیش ناهۆشیار بن ئاسانتر تەوق دەکرێتە ملیان و دەکرێن بە کۆیلە.
خەڵکی ئەمڕۆ ئالودەبون بە یاریزانی تۆپی پێ و دەوڵەمەندی بەدڕەوشت و گۆرانیبێژی پڕوپوچ و سیاسەتمەداری گەندەڵ و ملیاردێر و مۆدێلی بەتاڵی سەرنجڕاکیش و بیرمەندی سەرشێت و شاعیری نەخوێندەوار و ڕۆماننوسی خەیاڵپڵاو. هەریەکێک لە ئێمە کۆمەڵێک تەوقی کۆیلایەتیی لەملدایە و خۆشی بە ئازا و ئازاد دێتە بەرچاو !


بۆ ئەوەی بزانی ئازادی یان کۆیلە، ئەو شتانە بژمێرە کە ناتوانی دەسبەرداریان بیت ، چەند دانەت ژمارد هێندە تەوقت لە ملدایە ، سیستەمی نوێی جیهان بە ڕواڵەت خێر و خۆشیی بۆ مرۆڤایەتی هێنا بەڵام لە کۆمەڵێک کۆت و زنجیر زیاتر هیچی نەهێنا ! ژیان ئەو کاتانە خۆش بو کە مرۆڤەکان سادە و ئازاد و ئازا بون و هیچ تەوقێکیان لە مل نەبو. بەخۆڕایی نییە هەمومان خۆزگە بە ڕابردو دەخوازین و ناشزانین بۆچی جاران ژیان ئاسانتر و خۆشتر بو ! جاران بۆیە ژیان خۆش بو چونکە تەوقەکانی کۆیلایەتی کەم بون یا هەر نەبون،لەو ڕۆژەوەی چاوچنۆک و گەمژەکان حوکمی جیهانیان گرتۆتەدەست هەمو مرۆڤایەتی توشی ماڵوێرانی بوە، گەمژەیی هەمو بوارەکانی ژیانی داگیرکردوە و ژیانیش تا ئەوپەڕی سەخت بوە.

ShareTweetShare
Previous Post

مەزڵوم عەبدی : “بڕیاری چەکدانانی قەندیل جێگای ڕێزە”

بەرێوەبەر

وەڵامێک بنووسە هەڵوەشاندنەوەی وەڵام

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

گەڕان

No Result
View All Result

دەربارەی ئەم ماڵپەرە

ئەم ماڵپەرە سه‌كۆیه‌كه‌ بۆ بابه‌ته‌ گه‌رمه‌كانى رۆژ و هەواڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەندروستی و وەرزشی و زانیارى گشتى .

بەشەکانی مالپەر

  • تەندروستى
  • جیهانی
  • زانیاری تەکنەلۆجیا
  • ڕاپۆت
  • سلایدشۆ
  • عێراقی
  • ڤیدیۆ
  • کوردستانی
  • گرنگترین هەواڵ
  • هەمەرەنگ
  • هەواڵ
  • هونەری
  • وتار
  • وەرزش

  • دەستپێک
  • تەندروستى
  • وتار
  • هونەری
  • هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ
  • پەیوەندی

© 2022 Wazho - گشت مافەکانی پارێزراوە بۆ مالپەری واژۆ

No Result
View All Result
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستانی
    • عێراقی
    • جیهانی
    • وەرزش
    • هەمەرەنگ
  • وتار
  • ڕاپۆت
  • تەندروستى
  • زانیاری تەکنەلۆجیا
  • هونەری
  • پەیوەندی
  • هەڵمەتی کۆکردنەوە واژۆ

© 2022 Wazho - گشت مافەکانی پارێزراوە بۆ مالپەری واژۆ