
زۆر كەس لە كاتی توشبون بە پەتا و هەڵامەت، كە كۆكەی لەگەڵدا بێت، ئەزمونی ئەوەیان كردوە كە بە رۆژ دۆخی تەندروستییان باشترە، بەڵام لە شەواندا خراپتر بون، تەنانەت هەندێك كەس لەبەر كۆكە خەوی لێناكەوێت، كە ئەمەش پەیوەندی بە كۆمەڵێك هۆكارەوە هەیە.
هۆكارەكانی خراپتربونی كۆكە لە شەوان:
لە شەواندا كۆمەڵێك گۆڕانكاری جەستەیی رودەدات، لەوانەش زیادبونی چالاكیی كۆئەندامی بەرگری، گۆڕانكاریی لە دەردانی هۆڕمۆنەكان، كە پێكەوە لەگەڵ هۆكارەكانی هێزی كێشكردن و شوێنی جەستە لە كاتی پاڵكەوتن، یەكدەگرن و دەبنە هۆی كۆبونەوەی بەڵغەم لە بۆڕی هەوا یان زیادبونی هەستیاریی قورگ، كە لە ئەنجامدا كۆكەیەكی زۆرت توش دەبێت و خەوت تێكدەدات.
لەلایەكی دیكەوە كەمبونەوەی ئاستی كۆرتیزۆڵ لە شەواندا، وادەكات شانەكان توندتر وەڵامی هەوكردنەكان بدەنەوە، بەمەش توشی كۆكە دەبیت.
ئەو ژینگەیەی تێیدا دەخەویت بە هەمانشێوە رۆڵی سەرەكی هەیە لە زیادبونی كۆكە، چونكە ئەگەری هەیە ئەو تەپوتۆزەی بە سەرین، بەتانی، یان بە موی ئاژەڵە ماڵییەكەتەوە هەستیارییت زیاد بكات.
رێگەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەم دۆخە:
پزیشكان رێنمایی چارەخوازان دەكەن پێش نوستن گەرماوێكی گەرم بكەن، بۆئەوەی ڕێڕەوی هەناسەدان و قورگ و لوتیان شێداربێتەوە. هەروەها خواردنی هەنگوین نیو كاتژمێر پێش خەوتن سودێكی زۆری دەبێت، بەتایبەتی بۆ منداڵان.
بەرزكردنەوەی سەرینەكەت لە كاتی خەوتندا یارمەتی كردنەوەی رێڕەوی هەناسەدان دەدات و بەڵغەم لە كۆنابێتەوە، كۆكەت كەمدەبێتەوە.
ئەگە ئەم دۆخە بۆ ماوەی زیاتر لە 2 هەفتە مایەوە، ئازاری سنگ و هەناسەتەنگی لەگەڵدا بو، باشترە سەردانی پزیشكی تایبەتی بكەیت.

