
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (قەسەدە) ڕایگەیاند، بە بایەخەوە چاودێریی ئەو بابەتانە دەکات کە لەم دواییانەدا بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بەوەی شەڕڤانێک وێنەی خۆی لە تەنیشت تەرمی چەند چەکدارێک گرتوە و لە ئێستا لە هێزەکانیان دورخراوەتەوە و ڕەوانەی دادگای سەربازیی کراوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (قەسەدە) لە ڕاگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە، “فەرماندەییمان بە بایەخەوە چاودێریی ئەو بابەتانە دەکات کە لەم دواییانەدا بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بەوەی شەڕڤانێک وێنەی خۆی لە تەنیشت تەرمی چەند چەکدارێک گرتوە، کە لە کاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشی گروپە چەکدارەکانی دیمەشق بۆ سەر گوندی خروس لە باشوری کۆبانێ کوژراون”.
ئاماژەی بەوەشكردوە، “لە سۆنگەی پابەندبونمان بە بەها سەربازیی و ئەخلاقییەکان، ئەو شەڕڤانە دەستبەجێ لە ڕیزەکانی هێزەکانمان دورخرایەوە و ڕەوانەی دادگای سەربازیی کرا بۆ گرتنەبەری ڕێکارە یاساییە پێویستەکان”.
هەسەدە لە راگەیەندراوەکەدا دەڵێت، “ئێمە جەخت دەکەینەوە کە ئەم ڕەفتارە کارێکی تاکەکەسی و ڕەتکراوەیە، گوزارشت لە پرەنسیپەکانی هێزەکانمان ناکات کە هەمیشە بە ڕێزگرتن لە پێوەرە مرۆییەکان و ئەخلاقیاتی مامەڵەکردن ناسراون، لەوانەش ڕێزگرتن لە حورمەتی تەرمەکان، هەروەها دوپاتی دەکەینەوە کە لەسەر ئەنجامدانی ئەرکەکانمان بەپێی ئەو بەهایانەی پێیان ناسراوین، بەردەوام دەبین”.
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە ساڵی 2015 دامەزراوە بەمەستی تێکشکاندن و لەناوبردنی رێکخراوی داعش، ئەو هێزە بە پشتیوانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش توانی کۆتایی بە خەلافەتی رێکخراوەکە لە سوریا بهێنێت، لەماوەی سێ هەفتەی رابردوشدا سەرەڕای هێرشی دڕندانەی گروپەکان بەڵام هێشتا هەسەدە پابەندبونی خۆی بە بنکەکانی جەنگ دوپاتدەکاتەوە.


