
سەركردەیەكی پارتی دیموكراتی كوردستان هۆكاری دواخستنی كۆبونەوەی سێقۆڵی نێوان پارتی و سەدرو حەلبوسی ئاشكرا دەكات.
وەفا محەمەد كەریم سەركردەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ سایتی (بغداد الیوم) رایگەیاندوە، ئەو كۆبونەوەیەی بڕیارە ئەنجامبدرێت لەنێوان پارتی و سەركردەكانی رەوتی سەدرو پێكهاتەی سوننە دوای راگەیاندنی بڕیاری دادگای فیدراڵی ئەنجامدەدرێت لەبارەی دەستوری بونی كردنەوەی دووبارەی دەرگای خۆكاندید كردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق، ئەوكات هەڵوێستی خۆمان لەبارەی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار رادەگەیەنین، ئەگەر دادگای فیدراڵی رەزامەند بوو پێی ئەوا رێبەر ئەحمەد كاندیدی پارتیە، ئەگەر تانەشی هەبوو ئەوا دەچێتە دەرەوەی بازنەی كێبڕكێكان و ئەوكات پەنادەبەینە بەر یەكلاییكردنەوەی كاندیدەكانمان لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ هاوپەیمانی سێقۆڵیدا خاوەنی 174 كورسی پەرلەمانین.
ئەو سەركردەیەكی پارتی وتوشیەتی: سەرۆكی ئێستای كۆمار بەرهەم ساڵح لەناو ئەو لیستی ناوانەدا نییە كە پارتی هەنگاوی بۆ دەنێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵدەدەین دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا بكەینەوە لەبارەی پێدانی ئەو پۆستەو یەكلایی كردنەوەی سیاسیانە بۆ تێپەڕاندنی كاندیدەكەمان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتوو.

