
كەمال محەمەد وەزیری كارەبای هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، داهاتی وەزارەتی كارەبا تەنها 10%ی بۆ ئەوانە و ئەوی تر دەچێت بۆ بابەتی موچە، بڕی پێویستیش سوتەمەنیان بۆ دابین بكرێت كارەبای تەواو بەرهەم دەهێنن.
كەمال محەمەد بە دەنگی ئەمریكای وتووە، داهاتی وەزارەتی كارەبا تەنها 10% ی بۆ ئەوانە و ئەوی تر دەچێت بۆ بابەتی بودجە، چونكە ئەولەویەتی كابینەی 9 دابینكردنی موچەیە، لەو 10% یەش 8%ی بۆ پرۆژەكانە و 2%ی بۆ حەوافزی ئەوانەیە كە دەچن داهات كۆدەكەنەوە.
رونیشیكردووەتەوە، لە 2021 داهاتی ئەوان 586 ملیار دینار بووە بە تێكڕا داهاتی مانگانەی وەزارەتی كارەبا لە نێوان 45 بۆ 50 ملیار دینارە.
سەبارەت بە بەرهەمی كارەبا وتویەتی، بەپێی ئەو بڕە غازەی لە بەردەستیاندایە نزیكەی 3 هەزار و پێنج سەد مێگاوات بەرهەم دێنن، خواست لەسەر كارەبا لە زستاندا دەگاتە نزیكەی 6 هەزار و 500 مێگا وات، ئەگەر سوتەمەنی هەبێت دەتوانن ئەمڕۆ بڕی تەواوی كارەبا بەرهەم بهێنن.

