
بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، بەپێی پێشبینییەكان ئەمڕۆ دووشەممە ئاسمان لەنێوان نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت و هەندێك جار بارانی بەخوڕ و تەرزە و هەورەبروسكە دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتییەكە پێشبینییەكانی 48 كاتژمێری داهاتووی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ دووشەممە 25ی 4ی 2022، ئاسمانی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان لەنێوان نیمچە هەور و هەوری تەواودا دەبێت و هەندێك جار ئەگەری بارانی بەخوڕ و بارینی تەرزە و هەورەبروسكە هەیە.
سەبارەت بە پێشبینییەكان بۆ رۆژی سێشەممە 26ی 4ی 2022 هاتووە، بەهەمان شێوە ئاسمان لەنێوان نیمچە هەور و هەوری تەواودا دەبێت، لەگەڵ دابارینی نمە بارانی پچڕ پچڕ و بارانی بەخوڕ لە ناوچە جیاجیاكان.
هەرچی سەبارەت بە پلەكانی گەرما ئاماژە بەوە دراوە، هەر بەگوێرەی پێشبینییەكان رۆژی سێشەممە پلەكانی گەرما چەند پلەیەك دادەبەزن.
