
عادل روكابی پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی عیراق ئاشكرای كرد، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێی راگەیاندوون كە لەگەڵ پارتی نەگەیشتوونەتە هیچ رێككەوتنێك.
عادل روكابی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاندووە، رۆژی سێشەممە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی كۆبوونەتەوە و دەستپێشخەریی پەرلەمانتارانی سەربەخۆیان بۆ چارەسەری بنبەستی سیاسی رادەستكردووە.
رونیشیكردووەتەوە، بافڵ تاڵەبانی وتویەتی كە لەگەڵ پارتی نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێككەوتنێك، بەڵام كۆبوونەوەكانیان بەردەوامە بۆ گەیشتن بە چارەسەر لەسەر پرسەكانی سەرۆككۆمار و هەڵبژاردن و كۆمسیۆن.
ئەو پەرلەمانتارە سەربەخۆیە لە بەشێكی تری قسەكانیدا وتویەتی، گرێی ئێستا كێشەی ناوماڵی شیعەیە و ئەگەر ئەوە چارەسەر نەكرێت كاریگەری لەسەر ماڵی كوردیش دەبێت، ئەگەر كورد لەناو ماڵی خۆی رێكنەكەوێت چارەسەر ئەوەیە پەنا ببەنە بەر دەنگدانی ئازاد و هەركەسە و بەكاندیدی خۆی بچێتە كێبڕكێی سەرۆك كۆمارەوە.


