
شارەزایەكی كەشناسی لە هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، بۆ ماوەی زیاتر لە یەك هەفتە پلەكانی گەرما بەرزدەبنەوە و گەرمایەكی شێدار و بێزاركەر روو لەناوچەكە دەكات، ئەوەش بەهۆی نزمە پاڵەپەستۆیەكەوە.
ئاراس جەبار شارەزای كەشناسی ئاماژەی بەوەداوە، بەهۆی چالاكبوونی زیاتری نزمەپاڵەپەستۆی گەرمی وەرزی هیندی لەمڕۆ سێشەممەوە قۆناغ بە قۆناغ پلەكانی گەرما بەڕێژەی 2 بۆ 3 پلە بەرزدەبنەوە.
رونیشیكردووەتەوە، بۆ ماوەی 8 رۆژ كاریگەرییەكانی گەرما چالاكتر دەبێت و گەرمایەكی بێزاركەر و شێدار لەناوچەكەدا دروست دەبێت.
سەبارەت بە پلەكانی گەرمای سبەینێ چوارشەممە، بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم بڵاویكردووەتەوە، بەرزترین پلەی گەرما لە هەولێر 43 پلە و سلێمانی 42 و دهۆك 42 و هەڵبجە 45 و كەركوك 45 پلە دەبن، هەروەها گەرمیان بەرزترین دەبێت كە 47 پلەیە و راپەڕین 43 و سۆرانیش 42 پلە دەبێت.

