
بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق رایگەیاند: “وڵاتەكە پێویستی بە كۆمەك و هاوكارییە، بۆ ئەوەی بكەوێتەوە سەرپێی خۆی، چاویشی لەوەیە فەرەنسا بەردەوام بێت لە هاوكاری و پشتیوانكردن”.
لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا، لە بەغدا بەرهەم ساڵح وتی: ” لە كۆبوونەوەماندا لەگەڵ ماكرۆن باسمان لە بەڕێوەچوونی لوتكەی بەغدا كرد، هەروەها ئاماژەمان بەوەدا كە چەند ساڵێك عێراق كرابوو بە چەقی ململانێی هەندێك وڵاتی ناوچەكە، ئامادەبوونی سەركردە و نوێنەری وڵاتان لە كۆنگرەی بەغدا پشتیوانیەكی گرنگە لەپێناو سەروەری و گەشەپێدانی زیاتری عێراق، هاوكات بەرژوەندی هاوبەش كە عێراق بە وڵاتان دەبەستێتەوە، سەربەخۆبوونی عێراق دەبێتە مایەی سەقامگیری ناوچەكە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر”.
وتیشی: “عێراق پێویستی بە كۆمەك و هاوكاری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە، بۆ ئەوەی بكەوێتەوە سەرپێی خۆی و ئاشتی و سەقامگیری لە عێراق بچەسپێت، چاویشمان لە فەرەنسایە كە هاوكاری و پشتیوانیەكانی بۆ عێراق بەردەوام بێت”.
لای خۆیەوە ئیمانوێل مكرۆن رایگەیاند: “هاوكاری و هەماهەنگی باش لەنێوان فەرەنسا و عێراق هەیە لە بواری ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بۆ سەقامگیری عێراق، هەوڵدەدەین لە چەند مانگی داهاتوودا چوارچێوەیەكی نوێ بدۆزینەوە، بۆ ئەوە عێراق پارێزراوبێت و بەرەوپێش بچێت، فەرەنسا هەمیشە وەڵامدەرەوەی داواكانی حكومەتی عێراق و گەلەكەی دەبێت”.
سەرۆكی فەرەنسا، باسی لەوەشكرد: “بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و دروستكردنی حكومەتێكی دادپەروەر هەمیشە هاوكاری عێراق دەبم”.

