
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق جەخت لە پێویستی بەڕیوەچونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دەكەنەوە كە ماف و خواستی سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق دەستەبەر بكات و ببێتە ھۆی سەقامگیربونی دۆخی عێراق.
بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رۆژی هەینی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا، دوا پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکەو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی تاووتوێ کرا و جەخت لە پێویستیی چارەسەركردنی، كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، لە سەر بنەمای دەستور کرایەوە .
لەتەوەرێكی دیکەی كۆبونەوەكەدا، گفتوگۆ دەربارەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرا، کە پێویستە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوە بچێت، كە ماف و خواستی سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق دەستەبەر بكات و ببێتە ھۆی سەقامگیربونی دۆخی عێراق.

