سه‌باره‌ت به كۆبونه‌وه‌ى شه‌وى رابردوى یه‌كێتی و پارتی به میوانداری نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، كه له شارى هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چو، ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بى سیاسیى یه‌كێتى ده‌ڵێت “به كۆبونه‌وه‌یه‌ك كێشه‌كان چاره‌سه‌ر نابێت، به‌ڵام ئاوی كرد به ئاگره‌كه‌دا”.
سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسیى یه‌كێتى له‌لێداونێكدا بۆ رادیۆ نه‌وا وتی “پارتى و یه‌كێتى ده‌مێكه هه‌وڵى ئه‌وه‌یان داوه كۆببنه‌وه، هه‌ر جاره و به‌هۆكارێك رێكنه‌ده‌كه‌وتن، كۆنه‌بونه‌وه‌ى پارتى و یه‌كێتى دوودڵى و نیگه‌رانى لاى خه‌ڵك دروستكردبو، هه‌روه‌ها یه‌كێك بوو له كۆسپه‌كانى به‌رده‌م كاراتركردنى دام و ده‌زگاكانى حكومه‌ت و په‌رله‌مان و ده‌زگاكانى تر”.
راشیگه‌یاند “ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ی دوێنێ گرنگ و زۆرباش بوو، ئاوێك به‌ئاگره‌كه‌دا كرا، هیوادارین له‌دواى ئه‌م كۆبونه‌وه‌یه ئیتر هه‌ردوولا بكه‌ونه گفتوگۆ، ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌ك هه‌یه، بابه‌تێك هه‌یه، گرفتێك هه‌یه له‌بابه‌تى كێشه‌ی ئه‌منى و دارایى و موچه‌ى خه‌ڵك له رێگه‌ى گفتوگۆ و راگۆڕینه‌وه به‌باشترین شێوه چاره‌سه‌ربكرێت”.
سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره وتیشى “كێشه‌ی ئه‌وه نه‌ما بڵێى كه‌ى كۆده‌بنه‌وه، واته ئه‌وه ده‌كه‌وێته‌سه‌ر شانى هه‌ردوو مه‌كته‌بى سیاسى بكه‌ونه په‌یوه‌ندیكردن و دانانى كاتێك، له‌به‌رئه‌وه‌ی به كۆبونه‌وه‌یه‌ك كێشه‌كان چاره‌سه‌رناكرێن، به‌ڵكو ده‌بێت زنجیره كۆبونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجامبدرێت”.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی جه‌ختیكرده‌وه، كێشه‌كان گه‌وره‌ن، بۆ نمونه بارودۆخى هه‌رێمى كوردستان له رووى ئه‌منییه‌وه، له‌شكركێشى هه‌موولایه‌ك بۆ هه‌رێمى كوردستان و ره‌وشی دارایى خه‌ڵك هه‌مووى پێكه‌وه پێویستى به گفتوگۆى چڕ‌وپڕ و دورودرێژ هه‌یه بۆ دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر، هه‌روه‌ها مه‌سه‌له‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌مانه هه‌مویان گرنگن.