حەسەن ڕۆحانی سەرۆكی ئێران پیرۆزبایی سەركەوتن لە ئیبراهیم ڕەئیسی براوەی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی كۆماری ئیسلامی دەكات.
ئاژانسی هەواڵی فارس بڵاویكردەوە كە ئەمڕۆ حەسەن ڕۆحانی بە مەبەستی پیرۆزباییكردن سەردانی ئیبراهیم ڕەئیسی كرد كە بە پێی ئەنجامە بەراییەكان دەبێتە سەرۆكی داهاتووی كۆماری ئیسلامی.
ئەمڕۆ ناوەندی هەڵبژاردنی ئێران ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی وڵاتەكەی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند لە كۆی 28 ملیون و 600 هەزار دەنگی جیاكراوە، تا ئێستا ئیبراهیم ڕئیسی زیاتر لە 17 و 800 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە.
نزیكترین كاندیدی ڕكابەری ڕئیسیش كە موحسین ڕەزائییە، سێ ملیۆن و 300 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە.
پێشتریش هەریەك لە موحسن ڕەزائی، عەبدولناسر هیممەتی و ئەمیر حەسەن قازی زادە كاندیدانی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئێران دانیان بە شكستهێنانی خۆیاندا نا و پیرۆزبایی سەركەوتنیان لە ئیبراهیم ڕەئیسی كرد.