
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیەنێت: جیا لە پرسی بەرنامە ئەتۆمیەکەی تاران، لەسەر چەند بابەتی دیکەش لەگەڵ ئەو وڵاتە دانوستان دەکەن.
نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە: ئیدارەی کۆشکی سپی لەهەوڵدایە جیا لە بابەتی بەگەڕخستنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لەسەر بابەتی بەرنامە موشەکیەکەی تاران و پشتیوانیەکانی ئەو وڵاتە لە گرووپە چەکدارە توندڕەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەوێتە گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵیدا.
وتیشی: بابەتێکی دیکەی ئەو دانوستانانە رەوشی مافەکانی مرۆڤە لە ئێران و ئەو پرسەش لەگەڵ کاربەدەستانی تاران تاوتوێ دەکرێت.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێران لەیەکەم پرێس کۆنفرانسیدا لە دوای هەڵبژاردنەکان وتی: تەنها لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی دانوستان لەگەڵ دەکەن و ئامادە نین لەبارەی بابەتەکانی وەک بەرنامەی موشەکی و سیاسەتی ئێران لە ناوچەکە هیچ دانوستانێک بکەن.