
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نزیك دەڵێت: زۆر نیگەرانن لەو پەیوەندییەی لە نێوان كوردی هاوپەیمانیان و توركیا لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریادا هەیە و بەڕێوەبەری بەوەكالەتی نووسینگەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعشیش باس لەوەدەكات ، “جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا پشتیوانی لە مانەوەی هێزەكانمان لە سووریا دەكات”.
جۆی هود، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نزیك بەوەكالەت رایگەیاند، “زۆر نیگەرانین لە پەیوەندیی نێوان توركیا و كوردی هاوپەیمانمان لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا”.
وتیشی ” ئێمە دەمانەوێت بەردەوامبین لە كارەكانمان لەو باكوری رۆژهەڵاتی سوریا، ئەویش تەنیا بۆ تێكشكاندنی داعش نا، بەڵكو بۆ هێشتنەوەی دەروازەیەكی گەیاندنی هاوكاری مرۆیی لە رێگەی دەروازە سنوورییەكانەوە، بۆیە دەمانەوێت توركیا لەو ئامانجەی ئێمە تێبگات”.
لە لایەن خۆیەوە پاتریك وۆرمان، بەڕێوەبەری بەوەكالەتی نووسینگەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا پشتیوانی لە مانەوەی ژمارەیەك لە هێزەكانمان لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا دەكات، ئەوەش بۆ پشتیوانیكردن لە هاوبەشەكان و رێگریكردن لە دووبارە بەهێزبوونەوەی داعش”.
ئاماژەی بەوەشدا، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە رێگەی هاوئاهەنگی و كاركردن لەگەڵ هێزەكانی سووریای دیموكرات- هەسەدە توانیویەتی هەموو ناوچەكان لە دەستی داعش كۆنتڕۆڵ بكاتەوە، لەو رووشەوە پێزانینی بۆ هەسەدە دەربڕی كە لە شەڕی داعشدا هەزاران قوربانی داوە.