
حكومەتی توركیا راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سەبارەت بە بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە و بە سەربازكردنی منداڵانی سوری رەتدەكاتەوە و دەڵێت، هیچ بنەمایەكی نییە و واشنتۆن میلیشیا كوردیەكانی پشتگوێ خستووە.
بەپێی راپۆرتێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆ ساڵی 2021، ژمارەیەك وڵات هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە دەدەن، هەندێك وڵاتیش نزمترین پێودانگەكانیان نییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی و هەوڵی پێویست نادەن.
لە راپۆرتەكەدا ئەوەش هاتووە، لە توركیا بازرگانی بە مرۆڤەوە دەكرێت بەتایبەتی منداڵانی سوری، كە دەبرێن و لەناو میلیشیاكانی سەربە توركیا دەكرێن بە سەرباز.
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی توركیا بڵاویكردووەتەوە، راپۆرتەكە جێی قبوڵكردن نییە و هیچ بنەمایەكی نییە، واشنتۆن میلیشیا كوردیەكانی لە سوریا و عێراق پشتگوێ خستووە و دەڵێت، ئەنقەرە راهێنان بە منداڵان دەكات و چەكیان دەداتێ.