
وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، هۆكاری كێشەی كەم ئاوی لە شارەكانی هەرێم خراپی بەكارهێنانی ئاوی خواردنەوە لە لایەن هاوڵاتیان و كەمی كاتەكانی كارەبایە.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتو گوزار لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، رۆژانە بە گوێرەی ستانداردی جیهانی، پێویستە 200 تاوەكو 250 لیتر ئاو بۆ كەسێك دابین بكرێت، ئێستا ئێمە سەرووی 300 لیتر ئاوی خواردنەوە دابین دەكەین و ئەم بڕەش زۆر زیاترە لە پێداویستی هەر هاووڵاتییەك.
رونیشیكردووەتەوە، بەرزبونەوەی پلەكانی گەرماو زۆری خواست لەسەر بەكارهینانی ئاو بۆ فێنككەرەوە، باخچە، شۆردنی بەردەرگاو ئۆتۆمبێل و بەفیڕۆدانی ئاو لەم وەرزەدا بووەتە هۆی گرفتی كەم ئاوی، هەروەها بەهۆی كەمی و ناڕێكی كاتژمێرەكانی كارەبا كێشە بۆ تۆڕەكانی ئاو دروست بووە، كاتێك تۆڕەكان پڕ ئاو دەبن بەهۆی پچڕانی كارەباوە بەتاڵ دەبنەوەو ناتواندرێت ئاو بۆ ماڵان دابین بكرێت. وەزارەتی شارەوانی هێمای بۆ ئەوەشكردووە، لە شاری هەولێر 1190 بیر هەیە و نزیكەی 100 بیریان كارەبای مۆلیدەی هەیە و 600 بیریشیان تەنیا یەك كارەبایان هەیە، كێشەكانی كەم ئاوی زیاتر ئەو بیرانەن یەك كارەبایان هەیە، وەزارەتەكە داواش دەكات لە هاوڵاتیان دوربكەونەوە لە بەفیڕۆدانی ئاو و دەشڵێت، وشكەساڵی كاریگەری گەورەی كردوەتە سەر كەم بونەوەی ئاوی سەر زەوی و ئاوی ژێر زەویش، ئەمەش گرفتەكەی گەورەتر كردوە.