تیمێكی توێژەران رایگەیاند، تاقیكردنەوەی چوار رۆژ كاركردن لە هەفتەیەكدا لە ئایسلەندا سەركەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە و لەئێستادا بەشێكی زۆر لە هێزی كار خوازیارن بەو جۆرە كار بكەن.
بەپێی تاقیكردنەوەكە كە لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2019 ئەنجامدراوە و دوو هەزار و 500 كەس تێیدا بەشداربوون، دەركەوتووە، لە رووی ئاستی بەرهەمی كاركردن و كوالێتی بەرهەمی كاركردن چوار رۆژ كاركردن لە هەفتەیەكدا نەك هەر یەكسان بووە بە پێنج رۆژ كاركردنی هەفتانە، بەڵكوو لە هەندێك حاڵەتدا بەرهەم و كوالێتی كارەكە باشتریش بووە.
بەشداربووانی ئەو تاقیكردنەوەیە رایانگەیاندووە، بە چوار رۆژ كاركردنی هەفتانە فشاری دەرونی لەسەریان كەمتر بووەتەوە و كەمتریش تووشی ماندوبوون و دڵەڕاوكێ بوون و توانیویشیانە هاوسەنگیەكی زیاتر لە نێوان كارەكەیان و ژیانی تایبەتیان دروست بكەن.
بەپێی ئەو نمونە نوێیەی كاركردن كەسەكان لە بری 40 كاتژمێر كاركردنی هەفتانە، 35 بۆ 36 كاتژمێر لە ماوەی هەفتەیەكدا كاردەكەن و هەمان موچەی پێشوویان دەبێت.
بڕیارە هەمان تاقیكردنەوە لە ئیسپانیا و نیوزلەنداش ئەنجام بدرێت و بەهۆی زۆربوونی خواستی كرێكاران لەسەری پێدەچێت لەمەودوا بە یاسا ئەو جۆرە كاركردنە بچەسپێنرێت و ماوەی سێ رۆژ پشوو بە كرێكار و فەرمانبەران بدرێت.