لیۆنێل مێسی و یانەی بارسێلۆنا گەیشتوون بە رێککەوتنی سەرەتایی سەبارەت نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی کە بۆ ماوەی پێنج ساڵ لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە بەردەوام دەبێت.
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی چۆنییەتی رێککەوتنی مێسی لەگەڵ یانەکەی ئاشکرا کرد، کە لیۆ رەزامەندی لەسەر کەمکردنەوەی مووچەکەی بۆ ٪50، دەربڕیوە، چونکە قەیرانی دارایی و پێدانی باج دەبنە مەترسی لەسەر گرێبەستەکەی لیۆ ئەگەر بێت و لە نیوەی مووچەکەی خۆشنەبێت، بۆ ئەوەی رووبەڕووی سزا نەبنەوە، هەردوولا نایانەێ هەنگاوی هەڵە بنێن”.
رۆژنامەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە: “هێشتا لەسەر کاغەز رێککەوتنێک لەنێوان هەردوولا واژۆ نەکراوە، بەڵام مێسی دڵنیایی داوە بە لاپۆرتا کە گرێبەستەکە نوێدەکاتەوە، ئێستا پارێزەری یانەکە و بریکاری جێبەجێکاری مێسی کار بۆ تەواوکردنی وردەکاری گرێبەستەکە دەکەن، رێککەوتنەکە هەنگاوی باشی بڕیوە و پێناچێت، بەم زووانە نوێکردنەوەی گرێبەستەکە رابگەیێندرێت، چونکە مێسی ئێستا سەرقاڵی بەسەربردنی پشووی ساڵانەیەتی لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی”.
بەپێی زانیارییەکانی سپۆرتی کەتەلۆنی: “مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی مێسی 350 ملیۆن یۆرۆ دەبێت، ئێستا پارێزەری هەردوو لایەن، سەرقاڵی داڕشتنەوەی خاڵەکانی رێککەوتنەکەن کە خوان لاپۆرتا و خۆرخێ مێسی لەسەری رێککەوتوون، بەڵام پێشبینی دەکرێت راگەیاندنی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی هەفتەی داهاتوو رابگەیێندرێت”.