سەمیر هەورامی وتەبێژی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دەڵێت، لە 24 كاتژمێری رابردوودا هیچ یاسا شكێنییەك لە دەروازەكاندا نەكراوە و رێگری لە هەموو حاڵەتێكی قاچاخچێتی كراوە.
سەمیر هەورامی بە دەزگاكانی راگەیاندنی وتووە، پرۆسەی رێگری كردن لە قاچاخچێتی لە دەروازە سنورییەكان بەردەوام دەبێت و خودی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم بەردەوام لەسەر هێڵە لەگەڵ هێزەكانی ئاسایش و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە.
رونیشیكردووەتەوە، لەوەتەی لە 24 كاژمێری رابردوودا هێزەكانی ئۆپەراسیۆنی دەزگای ئاسایشی هەرێم جێگیركراون، بەهۆی ئەو هێزانەوە هیچ جۆرە كارێكی نایاسایی ئەنجام نەدراوە رێگری تەواو لە هەموو هەوڵێكی قاچاخچێتی كراوە، ئەو هێزانەش بەردەوام دەبن لە ئەركەكانیان و لە دەروازەكان دەمێننەوە.
بەبڕیاری قوباد تاڵەبانی هێزەكانی ئۆپەراسیۆنی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە دەروازە سنورییەكانی باشماخ و پەروێزخان و چەندین خاڵی دیكەی گومرگی جێگیر كراون، ئەوەش بۆ رێگری كردن لە كاری قاچاخچێتی.