
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، پێش پێدانی كارەبای هەرێم بە كەرتی تایبەت، بەبەهای دەیان ملیۆن دۆلار پێوەری زیرەك لە كۆگاكانی وەزارەتی كارەبا و بەڕێوەبەرایەتیەكانی ( سلێمانی، ھەولێر و دهۆك) دا هەبوە، ” ئەوەش بە بەهەدەردانی سامانی گشتیی ناودەبات.
دابان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاندووە، “پێشتر و بەپێی گرێبەستێكی وەزارەتی كارەبا لەگەڵ كۆمپانیایەك بەناوی DMC، بەبەهای دەیان ملیۆن دۆلار پێوەری لەسەر بودجەی گشتی كڕیوە، دواتر هەر خودی وەزارەتی كارەبا ڕایگەیاندوە ئەو پێوەرانە بە كەڵكی سیستیمی تازە نایەت واتە شكستی خواردوە و داوای كۆكردنەوەیان لە بەڕێوەبەرایەتیەكان و فرۆشتنیان دەكات”.
ئاماژەی بەوەشكردوە، “بەهای ئەو پێوەرانەی لە بەڕێوەبەراتی گشتی كارەبای سلێمانیدا هەبوە 4 ملیار و 600 ملیۆن دینارە (تەنیا بەدواداچون بۆ سلێمانی كراوە)، لەكاتێكدا دیوانی چاودێری دەڵێت دابینكەری پێوەری كارەبا بۆ هەر سێ پارێزگاكە كۆمپانیا DMCە و ئەوتێبینیانەی لەسەر سلێمانی هەیانە، هەمان ئەو تێبینیانەش لەسەر هەولێر و دهۆك ھەیە، بۆیە پێویستە لێكۆڵینەوە و بەدواداچون بۆ هەر سێ پارێزگاكە بكرێت، تا بزانرێت بڕی چەند تەرخانكراوە بۆ ئەم پرۆژەیە و چەند پێوەر لە كۆگاندا هەیە. هەروەك جەختیش دەكاتەوە، كە ئەوە بەهەدەردانی سامانی گشتییە.
دابان محەمەد باسی لەوەشكردووە: بۆچی بەبەهای دەیان ملیۆن دۆلار پێوەر كڕدرا و لە گەنجینەكانی وەزارەتی كارەبا خۆڵی لەسەر نیشتوە، كێ بەرپرسە و بۆچی لەسەر ئەم بەهەدەردان و تاڵانیە، كەسێك لێپرسینەوەی لەگەڵ نەكرا و نەدرا بە دادگا”.