رێکخراوی تەندروستیی جیهانی جارێکی دیکە دەیەوێت لێکۆڵینەوە لە ئەگەری دروستبوون و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بکات لە تاقیگەکانی چین، حکومەتی پەکینیش رەتیدەکاتەوە هاوکاری رێکخراوەکە بکات لەو بوارەدا.
بەرپرسانی تەندروستی چین رایانگەیاندوە، پێشتر رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رەتیکردوەتەوە، کە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا تاقیگە بێت، هەر بۆیە خستنەوە بەرباسی ئەم بابەتە ئامانجی سیاسی لەپشتە.
راشیانگەیاندوە، بە هیچ جۆرێک هاوکاری لێکۆڵینەوەکانی تەندروستیی جیهانیی ناکەن لەو بوارەدا.
رەخنەگرانی حکومەتی چین باس لەوە دەکەن ئەو وڵاتە هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە زانیارییەکانی لەبارەی ڤایرۆسەکەوە شاردوەتەوە و بووەتە هۆی تەشەنە سەندنی ئەو پەتایە بە جیهاندا، ئەمە جیا لەوەی کەم نین ئەوانەی پێیان وایە ڤایرۆسەکە لە تاقیگەکانی ووهانی چین دروست کراوە و هەر لەوێشەوە بڵاوکراوەتەوە.