
بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوودا كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی لە بەغدا بە مەبەستی گێڕانەوەی ئەو پارانەی بە نایاسایی لە عێراق براونەتە دەرەوە بەڕێوەبچێت.
بەپێی چەند زانیارییەكی رۆژنامەوانی بڕیارە لە رۆژانی 15 و 16 ی مانگی ئەیلول كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی لە بەغدا بۆ گێڕانەوەی ئەو پارانەی كە بە نایاسایی براونەتە دەرەوەی عێراق ببەسترێت.
كۆنگرەكە لە لایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی داد و چەند دامەزراوەیەكی دیكەی حكومەتی عێراقەوە سەرپەرشتی دەكرێت و چەند وڵاتێكی عەرەبی و ئەوروپی و تۆڕی عەرەبی بۆ پاڵپشتیی دەستپاكی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی كە 22 وڵات لەخۆدەگرێت بەشداری تێدا دەكەن.
هەفتەی رابردوو عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند كە لە ساڵی 2003ـەوە 200 ملیار دۆلار پارەی عێراق براوەتە دەرەوە.
پێشتر و لە مانگی ئایاری ئەمساڵیشدا بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا رایگەیاندبوو، قەبارەی ئەو پارانەی لە دوای ساڵی 2003ەوە بە گەندەڵی براونەتە دەرەوەی عێراق لە 150 ملیار دۆلار زیاترە و باسی لەوەكرد كە رەشنووسی یاسای گێڕانەوەی پارە دزراوەكانی عێراقی بۆ دەرەوە واژۆكردووە و ناردوویەتی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

