
ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان، ژمارەی دۆسیەکانی گەندەڵی لە ھەرێم ئاشکرا کرد و رایگەیاند کە لەئێستادا، 600 بۆ 700 دۆسیە لەژێر لێکۆڵینەوەدان و 100 دۆسیەی دیکەیش لە رێرەوی دادگاییکردن دان.
ئەحمەد ئەنوەر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق ئاماژەی بەوەداوە کە دەستەکەیان راپۆرتی ساڵانەی خۆی ھەیە و لە مانگی شەشی ئەمساڵدا، راپۆرتی خۆیان لەبارەیەوە پێشکەش کردبوو و رایگەیاند کە دەستەکەیان تا ئێستا لێکۆڵینەوەی لە سەدان دۆسیەی گەندەڵی کردووە و وت: لەئێستادا، 600 بۆ 700 دۆسیەی گەندەڵی بەسەرپەرشتی دادوەرانی لێکۆڵینەوە سەربە ئەنجوومەنی دادوەریی ھەرێمی کوردستان، لێکۆڵینەوەیان لەبارەیەوە دەکرێت”.
ئەحمەد ئەنوەر باسی لەوەش کردووە کە ھێشتا گەندەڵی مەترسییەکی گەورەیە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان و وتی: “لە سەرجەم بوارەکاندا، ھەماھەنگیی باشمان لەگەڵ دەستەی دەستپاکی فیدراڵییدا ھەیە”.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاند کە ھەرێم بەشێکە لە عێراقی فیدراڵ و گیرانەوەی سامانە بەتاڵانبراوەکان لە رێگای دەستەی دەستپاکی، وەزارەتی دەرەوەی حکوومەتی فیدراڵییەوە دەبێت، ھەروەھا داواکارییەکان لەبارەی گێرانەوەی سامانە بەتاڵانبراوەکان لە رێگای کەناڵە فەرمییەکانەوە پێشکەش دەکرێن.
ئەحمەد ئەنوەر نەیشاردەوە کە ژمارەیەک بەرپرسی کارگێڕیی تێوەگلاون لە گەندەڵی و جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە دەستەکەیان چاودێریی کەرتی گشتیی دەکات لە سەرۆکی بەشەوە تا دەگاتە بەڕێوەبەری گشتیی.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەیشداوە کە لە ھەموو ئاستەکاندا، کەسانی تۆمەتبار بە گەندەڵی ھەن و گوتی: “لەئێستادا، 100 دۆسیەی گەندەڵییمان ھەیە کە لە رێرەوی دادگاییکردن دان”.
