
بەپێی ئامارێك لەم خولەی پەرلەمانی عێراقدا زیاتر لە 50 پەرلەمانتار كە 12 كەسیان كوردن لە دانیشتنەكاندا هیچ قسەیەكیان نەكردووە.
بە گوێرەی راپۆرتی روانگەی پەرلەمانی عێراق لەكۆی 329 پەرلەمانتار 57 پەرلەمانتار لەتەواوی دانیشتنەكانی پەرلەماندا هیچ قسەیەكیان نەكردووە.
وەك لەو راپۆرتەدا دەركەوتووە، 12 پەرلەمانتار لە فراكسیۆنەكانی پارتی، یەكێتی، یەكگرتوو و سەربەخۆكان لە خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق هیچ قسەیەكیان نەكردووە.
چەند كەسێك لەو پەرلەمانتارانەی لە هیچ دانیشتنێكی سێ ساڵی رابردوودا قسەیان نەكردووە، خۆیان بۆ خولی پێنجەمیش كاندید كردوەتەوە.
لە راپۆرتەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، كە عەممار توعمە 160 جار لە دانیشتنەكاندا قسەی كردووە و بەوەش لە پلەی یەكەمی ئەو پەرلەمانتارانەدا دێت كە زۆرترین بەشدارییان لە گفتوگۆكانی ناو هۆڵی پەرلەماندا كردووە.

