
بەپێی ئامارێكی دامەزراوەی زانیاری رێگەوبانی نەرویجی، لەو وڵاتە لە كۆی هەر دە ئۆتۆمبێل كە لە مانگی رابردوودا فرۆشراون نۆ ئۆتۆمبێلیان كارەبایی بوون.
ئەوەش خراوەتەڕوو، كە زۆرینەی ئەو ئۆتۆمبێلە كارەباییانەی فرۆشراون، بەرهەمی كۆمپانیای تێسلا بوون و ئاماژە بەوەشكراوە، بەراورد لەگەڵ مانگەكانی پێشووتر لە مانگی رابردوودا فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی كارەبایی بە رێژەی 46% زیادی كردووە.
هەر بە گوێرەی زانیارییە فەرمییەكانی حكومەتی نەرویج لە مانگی رابردوودا فرۆشتنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە بەنزین كاردەكەن بۆ 5% دابەزیوە و بە هەمان شێوە فرۆشتنی ئەو ئۆتۆمبێلانەشی بە گاز كاردەكەن رووی لە داكشان كردووە.
نەرویج پلانی هەیە تا ساڵی 2025 هیچ ئۆتۆمبێلێك لە وڵاتەكەی نەهێڵێت كە بە سوتەمەنی كاردەكەن و بۆ ئەو مەبەستەش هانی هاوڵاتیانی دەدات لەپێناو رێگری لە پیسبوونی هەوا و ژینگە روو لە بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلی كارەبایی بكەن، وەك پاڵنەرێكیش بە رێژەی 25% باجی لەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانە داناوە كە بە گاز و بەنزین كاردەكەن.

