ئەبولحەسەن بەنی سەدر، یەكەم سەرۆك كۆماری ئێران لە تەمەنی 88 ساڵیدا لە پاریس كۆچی دوایی كرد.
بنەماڵەی ئەبولحەسەن بەنی سەدر رایانگەیاند، رۆژی شەممە یەكەم سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراوی ئێران، پاش ململانێیەكی زۆر لەگەڵ نەخۆشی لە نەخۆشخانەیەكی پاریسی پایتەختی فەرەنسا كۆچی دوایی كردووە.
ئەبولحەسەن بەنی سەدر كە ساڵی 1980 لە یەكەم هەڵبژاردنی دوای سەركەوتنی كۆماری ئیسلامی ئێراندا ببووە یەكەم سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە، پاش نزیكەی ساڵێك لە دەستبەكاربوونی كەوتبوە بەر توڕەیی روحوڵا خومەینی دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی و لە پۆستەكەی دوورخرابوەوە و ناچار ببوو بەشێوەیەكی نهێنی ئێران بەرەو فەرەنسا جێبهێڵێت.
دوای نیشتەجێبوونی لە فەرەنسا، بەنی سەدر لەگەڵ مەسعود رەجەوی سەرۆكی موجاهیدینی خەلق بەرەی “بەرەنگاربوونەوەی نیشتمانیی ئێران”ی دامەزراندبوو، بەڵام لە ساڵی 1984 لەو بەرەیە كشابوەوە.