
هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح دەڵێت، بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەو سەركوتكردنە ترسناكە دەكەن كە لەلایەن حكومەتەوە بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی مەدەنی دەكرێت، ئەو خۆپیشاندەرانەی ناڕازین لە دزینی دەنگەكانیان.
هادی عامری لە راگەیەندراوێكدا سەبارەت بە گرژیەكانی بەغدا كە بووە هۆی كوشتنی خۆپیشاندەرێك لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی و بریندار بوونی دەیانی دیكە ئاماژەی بەوەداوە، بە توندترین شێوە ئەو كارە سەركۆنە دەكەن و زۆر توڕەن كە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز و ناڕازی لە دزینی دەنگەكانیان لە لایەن حكومەتەوە سەركوت دەكرێن.
ئەوەش هاتووە، داوا لە دەسەڵاتی دادوەری دەكەن خێرا بێتە سەرخەت بۆ سزادانی ئەوانەی ئەو فەرمانانەیان دەركردووە و بەشدار بوون لە تەقەكردن لە خۆپیشاندەران، هەروەها بەرپرسیارێتی ئاسایش و پاراستنی خوێنی ئەوان دەخەنە ئەستۆی حكومەت.
سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح وتوشیەتی، داواكارن لە هێزە ئەمنییەكان چەك دژی برا خۆپیشاندەرەكانیان بەكارنەهێنن و بیانپارێزن، داوا لە رۆڵەكانیان و خۆپیشاندەرانیش دەكەن دان بە خۆیاندا بگرن و ئاشتیخوازیی خۆیان بپارێزن.

