
وەزارەتی ناوخۆی عێراق وردەكاری هەوڵی تیرۆر كردنی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقی ئاشكرا كرد و تێیدا هاتووە، لە رێگەی سێ درۆنی بۆمبڕێژ كراوەوە ئەنجام دراوە و چەند پاسەوانێك بریندارن.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاندووە، هەوڵی تیرۆر كردنی سەرۆك وەزیران لە رێگەی سێ درۆنەوە ئەنجام دراوە، هێزە ئەمنییەكان توانیویانە دوان لە درۆنەكان بخەنە خوارەوە.
ئەوەش ئاشكرا كراوە، درۆنەكان قەبارەیان جیاواز بووە و چەند بریندارێك لە ریزی پاسەوانەكانی سەرۆك وەزیران كەوتووەتەوە، بەڵام كازمی خۆی سەلامەتە، لە ئێستاشدا لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەكرێت.
بەپێی زانیاریەكان، لەو كاتەدا سیستمی بەرگری باڵیۆزخانەی ئەمریكا كە بە “سی – رام” ناسراوە و بەرگری لە ناوچەی سەوز دەكات، كاری نەكردووە، لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكەی دەستی پێكردووە.


