
وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عێراق هۆشداری دەدات، لە نیازی توركیا بۆ دروست كردنی بەنداوێكی نوێ لەسەر روباری دیجلە و بە مەترسیدارتر لە بەنداوی “ئەلیسۆ” ناوی دەبات، چونكە بۆ گلدانەوەی ئاوە.
كازم سەهر بەڕێوەبەری دەستەی بەنداوەكان و كۆگاكان لە وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو بە ئاژانسی هەواڵی عێراقیەی وتووە، لایەنی توركی بەنیازە پرۆژەی بەنداوی “جەزرە” لەسەر روباری دیجلە بخاتە بواری جێبەجێ كردنەوە، ئەو بەنداوەش لە بەنداوی “ئەلیسۆ” مەترسیدارترە.
رونیشیكردووەتەوە، چونكە بەنداوی ئەلیسۆ بۆ بەرهەمهێنانی كارەبایە و ئاوەكەی بەردەدرێتەوە، بەڵام بەنداوی “جەزرە” بۆ گلدانەوەی ئاوە، سروشتی ئەو بەنداوە مەترسی دروست دەكات چونكە پشكی ئاوی عێراق گلدەداتەوە.
بەڕێوەبەری دەستەی بەنداوەكان و كۆگاكان هێمای بۆ ئەوەش كردووە، لایەنی توركی دڵنیای كردوونەتەوە لەوەی كە كاریگەری لەسەر پشكی ئاوی عێراق دروست ناكات، بەڵام ئەوان ترسیان هەیە چونكە بەڵێنی سیاسی هەمیشە جێبەجێ ناكرێت.
