
هاوار محەممەد بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی ئاشكرای كرد، هێشتا روون نییە ژمارەی ئەو كورسیانەی بەدەستیانهێناون كەمدەبێتەوە یاخود نا، ئەگەر كەمیشببنەوە كاتیی دەبێت.
هاوار محەممەد لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی، بەپێی زانیارییەكان دەستەی دادوەری بە كۆمیسیۆنی راگەیاندووە دەبێت دەنگی ئەو وێستگانە بسوتێنرێت كە پەنجەمۆری دوبارەیان تێدایە، بەشێك لەو وێستگانە لە چەند بازنەیەكی هەولێر و پارێزگای نەینەوان.
رونیشیكردووەتەوە، ئەگەر دەنگی هەموو ئەو وێستگانە بسوتێندرێن، ئەوە كارێكی نایاساییە، ئەگەر ئەوە رووبدات رەنگە دوو كورسی لەدەستبدەن، بەڵام كاتیی دەبێت و دواتر دوو كورسییەكە لە رێگەی دادگەی باڵای فیدڕاڵییەوە بەدەستدەهێننەوە، چونكە لە هەڵبژاردنی خولی پێشووی پەرلەمان هەمان شت روویدا و بەدەستیان هێنایەوە.
ئەو بەرپرسەی پارتی وتوشیەتی، ئەو پرسە دوای تانەیەكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دێت، لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لە پارێزگای هەولێر و نەینەوا.


