
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ژمارەیەك كەسیان دەستگیركردوە كە سەرقاڵی قاچاخچێتی بون و خەڵكیان بردوە بۆ بیلاروسیا.
پێش گەیشتنەوەی ژمارەیەك كۆچبەر لە بیلاروسیاوە بۆ هەرێمی كوردستان، جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، پێشوازی لە هاتنەوەی كۆچبەران دەكەین، بەداخەوە ئەو هاووڵاتیانە بونە قوربانی دەستی قاچاخچی و مەرامی سیاسی كە ویستیان بەو كارەیان هەرێمی كوردستان لەكەداربكەن.
جوتیار عادل وتیشی: هاتنەوەی ئەم هاووڵاتیانەش پەیامێكە لە حكومەتەوە بۆ هاووڵاتیان كە خەڵك ئاگاداری ئەم جۆرە فریودانە بن كە قاچاخچییەكان دەیانەوێت بەكاریان بهێنن كە لەو 435 هاووڵاتیە 95%یان هاووڵاتی هەرێمی كوردستانن و ناونوسین بۆ هێنانەوەشیان بەردەوامە.
وتیشی: ئێستا لیژنەیەك پێكهێنراوە كە توانیویانە زیاتر لە 10 كەس دەستگیربكەن كە سەرقاڵی كاری قاچاخچێتی بون و سزای هەر كەسێك دەدەین كە بیانەوێت خەڵك بە قاچاخ بەرنە دەرەوەی وڵات.

