
بەمەبەستی بەدواداچون و چارەسەركرنی كێشەو گرفتەكانی كۆچبەرانی هەرێمی كوردستان لیژنەی پەیوەندییەكان و رەوەندی كوردستانی لەگەڵ نوێنەری فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان كۆبۆوە.
بەپێی راگەیەنراوێكی پەرلەمانی كوردستان كەكۆپیەكی دەست رادیۆی نەوا كەوتوە، لەكۆبونەوەكەدا رێبوار بابكەیی سەرۆكی لیژنەكە باسی لە رەوشی كۆچبەرانی كورد لە سنوری وڵاتانی بیلاڕِوسیاو پۆڵەندا كردوە كە ژیان و گوزەرانیان لە دۆخێكی زۆر خراپدایە، لەوبارەیەوە تیشكی خستۆتەسەر بەرنامەی سەردانەكەیان بۆ ئەو وڵاتانە كە بڕیارە بەمزوانە ئەنجامبدرێت بۆئەوەی هەرچی زوە چارەسەرێكی گونجاو بۆ كێشەو گرفتەكانی كۆچبەران بدۆزرێتەوە.
لەبەشێكی تری راگەیەنراوەكەی پەرلەماندا ئاماژە بەوەشكراوە، ئەندامان و نوێنەرانی فراكسیۆنەكان پێشوازییان لەو هەوڵانە كردوە كە لەلایەن لیژنەكەوە دەدرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانی كۆچبەران و داوایان كردوە مۆڵەتیان پێبدرێت بۆ دیاریكردنی نوێنەرەكانیان تا بەشداری ئەو شاندە بكات كە سەردانی وڵاتانی ئەوروپا دەكەن.