بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەوەیەكی نوێی كۆرۆنا لە جیهاندا، نرخی نەوت گەورەترین دابەزینی لە مانگی نیسانی ساڵی 2020ەوە بەخۆیەوە بینی و زیاتر لە 10%ی نرخەكەی لەدەستدا و یەك بەرمیل خاوی برێنت بە كەمتر لە 73 دۆلار مامەڵەی پێوە دەكرێت.
بەپێی راپۆرتە ئابورییەكان، نەوتی خاو زیاتر لە 10%ی نرخەكەی لەدەستداوە و ئەوەش گەورەترین پاشەكشەیە لە مانگی نیسانی ساڵی 2020ەوە تۆمار كرابێت، هۆكارەكەشی دەركەوتنی نەوەیەكی نوێی كۆرۆنایە لە باشوری ئەفریقا كە بە “ئۆمیكرۆن” ناسراوە.
بەپێی راپۆرتەكان، یەك بەرمیل خاوی برێنت بە 72 دۆلار و 72 سەنتەوە مامەڵەی پێوە دەكرێت، هەروەها بەرمیلێك خاوی تەكساسی ئەمریكیش دابەزیوە بۆ 68 دۆلار و 15 سەنت، بەڵام نەوتی ئۆپێك بە بەرزی ماوەتەوە و لەئێستادا یەك بەرمیل بە 81 دۆلار و 31 سەنت لە بازاڕەكاندا دەفرۆشرێت.
نەوەی “ئۆمیكرۆن” نیگەرانی لە جیهاندا دروست كردووە و بەهۆیەوە دەستبەجێ چەندین كۆت و بەند لە چەندین وڵات راگەیەندران و زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپی گەشتە ئاسمانییەكانیان لەگەڵ ئەفریقا راگرت، زانایانی بەریتانیاش باس لەوە دەكەن، “ئۆمیكرۆن” گرنگترین نەوەی كۆرۆنایە تاوەكو ئێستا ئاشكرا كرابێت.