
ناوەندی ئاگاداركردنەوە لە شەپۆلەكانی تسۆنامی بڵاویكردەوە، بومەلەرزەیەكی بەهێز رۆژهەڵاتی ئیندۆنیسیای هەژاندووە و هۆشداری لە شەپۆلی تسۆنامی وێرانكەر دەدات.
ناوەندەكە بڵاویكردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەكی بەهێز بە گوڕی 7.3 پلە بە پێوەری رێختەر رۆژهەڵاتی ئیندۆنیسیای هەژاندووە و زەرەر وزیانێكی زۆری لێكەوتووتەوە و زیانی زۆری لە تەلار و خانووی دانیشتوانی ئەو ناوچانە داوە.
لای خۆشیەوە پەیمانگای جیۆلۆجی فیزیایی ئەمریكی ئاشكرای كردووە، بومەلەرزەكە لەناو زەریای هێمن و نزیكەی 100 كیلۆمەتر لە باكوری شارۆچكەی “ماومیر” رویداوە و لە قوڵایی 18 كیلۆمەتر بووە لە دەریای فلۆرس.
پەیمانگاكە سەبارەت بە كاریگەری بومەلەرزەكە هۆشداری داوە و ئاماژەی بەوەكردووە، مەترسی هەیە بە درێژایی هەزار كیلۆمەتر لە ناوەندی بومەلەرزەكەوە تسۆنامی بەهێز لە كەنارەكانی ئیندۆنیسیا دروست بكات.


