‘ھیوا’ گەورەترین بەڵای ناو بەڵاکان

بڵێسە جەبار فەرمان

کورد تووشی نەخۆشی بەھیوابوون بووەپاندوڕا لە مێتولۆگی یۆنانیەکاندا یەکێک بووە لە خواکان و ھاوسەری خواوەند ئەپیمتئوس.

بە دیاری ھاوسەرگیریەکەی زۆیس (بەقوترین خوای یۆنانیەکان) سندوقێک دەدات بە پاندۆڕا و پێی ڕادەگەێنێت کە ھەموو بەڵاکانی مرۆڤایەتی لەناو ئەو سندوقەدان و نابێت بە ھیچ شێوەیەک بیکاتەوە.

پاندۆڕا گوێی لە دەنگە دەنگی ناو سندوقەکە دەبێت و، خواستی بینین و زانینی بەڵاکانی ناو سندوقە زاڵ دەبێت بەسەریداو سندوقە دەکاتەوە.

ھەموو بەڵاکانی ناو سندوقەکە وەکو حەسودی، بەغیلی، غیرە، ئازار، غرور، درۆ و تەماع ئازاد ئەبن.پاندۆڕا بە خێرایی سندوقەکە دادەخاتەوەو تەنھا ڕووناکیەک لە ناو سندوقە دەمێنێتەوە.

ڕووناکیەکە دەکەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ پەندۆڕا و داوای لێ دەکات ئازادی بکات.

ڕووناکیەکە دەڵێت من ھیوام و دەبێت ئازاد بکرێم، بەبێ من مڕۆڤایەتی لەناو دەچێت.

ئەگەر مڕۆڤەکان ھیوایان نەبێت چۆن بتوانن بەرەنگاری ئەو ھەموو بەڵایە ببنەوە کە ڕوویان تێ دەکات.

لە کۆتاییدا پاندۆڕا باوەڕ بە قسەکانی ڕووناکیەکە دەھێنێت و “ھیوا” ئازاد دەکات.پرسیاری پشت ئەم مۆتۆلۆگیەی یونانیەکان ئەوەیە ئایا بە ھیوا بوون بەڵایە یا بەرەکەت؟ئەگەر بەڵا نیە بۆ لەگەڵ بەڵاکانی تردا لە ناو سندوقەکە حەشار درابوو؟بە بڕوای نیتچە ھیوا گەورەترین بەڵای مڕۆڤایەتیەو ھۆکاری بەردەوام بوونە لەژیانێکی پڕ لە ئازار و مەینەتی.

بە بۆچوونی نیتچە ھیوا مرۆڤەکان سست دەکات و لە چاوەڕوانی دا دەیانھێلێتەوە لە بەردەوام بوون لەو بارودۆخەی بە ھیوان لێی ڕزگاریان بێت.ھەندێک ھیوا بە دەرمان دەزانن و ھەندێکی تر بە نەخۆشی.

ھەروەھا لە قورئانی پیرۆز دا و لەفەرمودەکانی پێغەمبەردا باس لەھیوا کراون. ھیوادرێژی بە خراپترین ھۆکاری پابەندنەبوون بە خواپەرستی ناوھێنراوە.غەزالی لە کتێبی “إحياء علوم الدين” دا باس لە ھیوادرێژی دەکات و دەڵێت دوو ھۆکار ھەیە بۆ ھیوادڕێژی:

یەکێکیان جھالەتە و ئەوەی تریان خۆشەویستی ئەم دونیایە(اعلم أنّ طول الأمل له سببان، أحدهما: الجهل، والآخر: حبّ الدنيا).دەمەوێت سەرنجێکی ھاونیشتیمانیان بدەین لە ھەرێمی کوردستان.ئایا ھاوڵاتیانی ئەم ھەرێمە بە ھیوان یا بێھیوان؟ئایا بە ھیوابوون لە کوردستان بەڵاو نەخۆشیە یا رەحمەت و دەرمانە.

لامان ڕوونە ئەم ھەرێمەی ئێمە بە قەیرانی گەورەدا تێدەپەرێت.

باس لە ھەر جومگەو کەرتێکی ئەم حکومەتە بکەین پڕە لە کەموکوڕیی، نادادپەروەری و گەندەڵی لە لوتکەدایە.

کۆمەڵگایەک بە سۆشیال و دیمۆکراسی ئابوری و بازاری ئازاد ناودەبرێت کە چینی ناوەراستی گەورەو چینی دەوڵەمەند و ھەژاری بچوک بێت، لە ھەرێمی کوردستان دا چینی ناوەراست بەرەو لەناوچوون دەچێت و کۆمەڵگاکەمان دابەش دەبێت بەسەر دوو چینی دەوڵەمەند و ھەژار.

ئەم دوو چینەش دابەش بوون بەسەر دوو جەمسەری بێھیوا و ھیوادرێژی دا.دانیشتوانی ھەرێم زیاتر لە سی ساڵە بەھیوای باشتر بوونی ژیان و گوزەرانیانن، لەکاتێک دا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ باری گوزەرانیان خراپتر دەبێت و نادادپەروەی زیاتر دەبێت.

ساڵ لەدوای ساڵ قەیرانەکان و تاکڕەوی و مەیلی دیکتاتۆریەت و سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربرین و ژمارەی زیندانەکان لە زیادبووندان.

لاوانی ئەم ھەرێمە ھیچ ئایندەیەک چاوەروانیان ناکات و لەگەڵ ھەموو ئەمانەش ھەموو بەھیوان و چاوەڕوانی باش بوونی بارودۆخەکەن.

ئایا دەکرێت بوترێت کە ئەم ھاونیشتیمانیانە نەخۆشن؟ئایا دانیشتوانی ئەم ھەرێمە توشی بەڵای “ھیوا” بوون؟ئایا ھیوادڕێژی کە لە قورئان و فەرمودەکانی پێغەمبەردا لێی ئاگادار کراوینەتەوە توشی دانیشتوانی ھەرێم بووە.

لە ھەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە عێراقدا ھەمان ئەو کەس و حزب و لایەنانەی کە خۆپیشاندانیان لە دژ دەکران دەنگیان ھێنایەوەو ھەڵبژێردرانەوە.

ئێستا ھەر ھەمان دەموچاو لە ھەوڵی دووبارە دروست کردنی حکومەت و دابەش کردنی پشکەکەنی حکومەت دان.

گەر میلەت بێھیوا بێت لە شێواز و سیستەمی حکومڕانی ، بێگومان ھەوڵی گۆڕینی دەدات، بێگومان تێدەکۆشێ بۆ چاکترکردنی گوزەرانی و چارەسەرکردنی قەیرانەکان.

بەڵام میلەتی ئێمە دوچاری نەخۆشی بەھیوا بوون بووەو ھێشتا نەگەیشتوە بەچارەسەرەکەی کە بێھیوابوونە لەم شێوازی حوکمڕانیە.

ھەمووان توشی بەڵایە ھیوادڕێژی بوون کە پێغەمبەر درودی خوای لێ بێت لە مەترسیەکانی ئاگاداری کردوینەتەوە.

بە ھیوای بێھیوابوونی میلەت و دەرچونی لەم قوناغی چاوەڕوانی و بەھیوابوونە.

هەواڵی دواتر

تەندروستی عیراق بڕیاری لەناوبردنی سەگی بەرەڵا دەدات

وەزارەتی تەندروستی عیراق هۆشداریدا لەبڵاوبونەوەی نەخۆشی هاری لەناو هاووڵاتیاندا. وەزارەتی تەندروستی عیراق لەنوسراوێكدا كە ئاڕاستەی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .